٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(مستەفا شەفیق): تەنیا لە ڕێگەی تورکیاوە دەتواندرێت ھاوکاریی کۆبانی بکرێت.. ئەوەی بە حکوومەتی هەریم بکرێ دەیکات

سەرچاوە: KDP.info
فۆتۆ: AA

ھەولێر-KDP.info-  راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، تەنیا لە ڕێگەی تورکیاوە دەتواندرێت ھاوکاری بگەیندرێتە خەڵکی کۆبانی و، ئەوانیش هێشتا رەزامەندییان نەداوە، جەختیش دەکاتەوە، ھەر کارێک بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان بکرێت بۆ ھاوکاریکردنی کۆبانی ئامادەن.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رۆژئاوای کوردستان(مستەفاشەفیق) بە kdp.infoی راگەیاند: "شاری کۆبانی رەوشێکی تایبەتی ھەیە و، سەبارەت بە ناردنی ھاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان و تایبەت کۆبانی، ئێستا ئەوێ ناوچەیەکی دابڕاوە و تەنیا سنووری لەگەڵ تورکیادا ھەیە، تاوەکو ئێستایش کۆمەڵێک دەستگا ئامادەییان نیشان داوە یارمەتیی مرۆیی رەوانە بکەن، بەڵام پێویستە بە تورکیادا بڕۆن و، تورکیایش هێشتا بە فەرمی رەزامەندی نەداوە ئەو ھاوکارییە بگەیندرێتە خەڵکی ئەو ناوچەیە.. لە رێگەی دیکەوە ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی ھاوکارییان بۆ رەوانە بکرێت، بەڵام بە هۆی گرفتی ڕیگاوە هێشتا لە باشووری کوردستانەوە ھاوکارییان بە دەست نەگەیشتووە و رێگرییان لێ دەکرێت و کۆسپیان لەلایەن تورکیا بۆ دروست دەکرێت."
(مستەفا شەفیق) ڕوونی کردەوە: "لە خاڵی سنووریی سێمالکاوە ناتواندرێت ھاوکاری بۆ کۆبانی رەوانە بکرێت، چونکە لە سێ لاوە گەمارۆ دراوە، لە باشوور و رۆژھەڵات و رۆژئاواوە و تەنیا لە سنووری تورکیاوە رێگە ھەیە و داعش ئەوێی کۆنترۆڵ نەکردووە."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رۆژئاوای کوردستان زیاتر گوتی، "هێشتا ھێز نەچووە بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ھەموو لایەنەکان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کۆبانی و خاکی کوردستان، بە مەرجێک ھاودەنگییەک لەنێوان ھێزە کوردییەکان ھەبێت، بەتایبەتی پەیەدە ھاوکار بێت و، ئەمڕۆیش کانتۆنی کۆبانی، بانگەوازیان ھەبوو کە لایەنە کوردییەکان ھاوکارییان بکەن و، لێرەوە و پشتگیرییان بکەن و رەنگە لەمەودوا ھەڵوێستەکان بگۆڕدرێن و لایەنەکان بەشدار ببن، بەڵام هێشتا لە ڕووی کردەنییەوە هیچ هێزێک نەنێردراوە."
(مستەفاشەفیق) راشیگەیاند، "پێویستە ھەر لایەنێک ئامادەیی ھەبێت بەشداری لە بەرگریکردنی کۆبانی بکات، رێگری لێ نەکرێت و پشتگیری لێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە پەیەدە رێگە نادەت ھیچ ھێزێک لەوێ ھەبێت، ئەگەر لەژێر فەرمان و ئاڵای ئەواندا نەبێت.. هەڵبەت رەنگە ھەموو ھێزێک رازی نەبێت بەم شێوەیە شەڕ بکات، چونکە تائێستا ھێزێکی نیشتیمانی لە رۆژئاوای کوردستاندا نییە، بۆیە پەیەدەش وەکو حیزبەکانی دیکە تەنیا حیزبێکە و خەڵکیش مافی خۆیانە لەژێر ھەر ناوێک بەشدار بن، بەڵام پەیەدە رێگری دەکات، بۆیە ئەو جۆرە کارانە شەرمەزارییە و پێویستە پێداچوونەوە بەو سیاسەتەیدا بکات."
سەبارەت بە لێدوانی (ساڵح موسلم) کە باس لەوە دەکات پێشمەرگە دەتوانێ لە رێگەی خاکی تورکیاوە لە ڕووی سەربازییەوە ھاوکاریی رۆژئاوا بکات، ئەو راوێژکارەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم  گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا زۆر ھەوڵ درا ئەو ڕەوشەی ئێستا نەگاتە ئەو ئاستە، ئێستایش سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ناردنی ھێز لە رێی تورکیاوە، بەڵام تورکیا وڵاتی ئێمە نییە و سەربەخۆیی خۆی ھەیە و، یاسا و رێسای خۆی ھەن.. تورکیا لەگەڵ ھاوپەیمانانی خۆی و ئەمەریکا ئامادە نەبووە ھێز لە خاکی خۆیەوە بنێرن بۆ شەڕی داعش، تەنانەت فڕۆکەخانەی ئینجەرلیک کە فڕۆکەخانەی ناتۆیە و تورکیا رێگا نادات لە ڕێیەوە ھێرش بکرێتە سەر چەکدارانی داعش، بۆیە گەشبین نیم بەم داواکارییەی ھەرێم رازی ببن و، ئەگەر رازیش بن، حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێم درێخی ناکەن."
سەبارەت بەوەی ئەگەر لایەنەکان یەک نەگرن، ھەرێم تاچەند ئامادەیە ھاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکات، (شەفیق) گوتی، "بە ھەر شێوەیەک بێت ئەوان یەک بگرن و یاخود نا، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت کۆبانی ئامادەیە، بەرگرییان لێ بکات، چونکە ئەمە پرسێکی نەتەوەییە، بۆیە ئەمە نابێتە کۆسپ لەبەردەم پارتی بۆ بەرگریکردن لێیان."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار