زانایانی کوردستان بۆ عەممار حەكیم: بە هیواین وەک چۆن لەندەن گوێی لە سكۆتلەنداییەكان گرت، بەغدایش گوێ لە هەرێمی كوردستان بگرێت

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، سەرۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند، "ئەم جارەیش سیاسییەكانمان بەشدارییان لە حكوومەتی عێراقدا كردەوە و خەڵكی كوردستانیش بەم بەشداریكردنە خۆشحاڵ نەبوون، بەڵام رێزیان لە رای سیاسییەكان گرت و هیوادارین حكوومەتی عێراقیش رێزی رای سیاسییەكانی ئێمە بگرێت و هەروەكو چۆن لەندەن گوێی لە سكۆتلەنداییەكان گرت، ئاوهایش بەغدا گوێ لە هەرێمی كوردستان بگرێت".
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی زانایان، سەرۆكی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان مامۆستا (عەبدوڵڵا مەلا سەعید گرتكی)، ئەمڕۆ دووشەممە بە یاوەریی شاندێك كە پێك هاتبوون لە جێگری سەرۆك مامۆستا (جەلال خەیلانی) و كۆمەڵێك مامۆستای ئایینیی دیكە، بەشداریی لە كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان زانایانی ئایینی و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق (سەید عەممار حەكیم) كرد كە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) رێك خرابوو.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكیەتیی زانایان گوتەیەكی پێشكەش كرد و دوای بەخێرهێنانی میوانەكان ئاماژەی دا كە لە هەموو سەردانەكانیدا بۆ كوردستان، (سەید عەممار حەكیم) لەگەڵ زانایانی ئایینیدا كۆ بووەتەوە و ویستوویەتی لە نزیكەوە گوێ لە بیروبۆچوونەكانیان بگرێت و ئەمەیش مایەی رێزە بۆ جەنابیان.
سەرۆكی یەكیەتیی زانایان هەروەها باسی لە رۆڵی بنەماڵەی (حەكیم) كرد لە خزمەتكردنی خەڵكی عێراق و هەڵوێستە جوانەكانیان بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان و هیوادار بوو لە داهاتوویشدا ئەو رۆڵە گرینگەی خۆیان لە دەست نەدەن و هۆكارێكی گرینگ بن بۆ لابردنی ئەو ستەمەی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە.
گوتیشی، "ئەم جارەیش سیاسییەكانمان بەشدارییان لە حكوومەتی عێراقدا كردەوە و خەڵكی كوردستانیش بەم بەشداریكردنە خۆشحاڵ نەبوون، بەڵام رێزیان لە رای سیاسییەكان گرت و هیوادارین حكوومەتی عێراقیش رێزی رای سیاسییەكانی ئێمە بگرێت و هەروەكو چۆن لەندەن گوێی لە سكۆتلەنداییەكان گرت، ئاوهایش بەغدا گوێ لە هەرێمی كوردستان بگرێت".
پاشان (عەممار حەكیم) گوتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر هەلومەرجی ئێستای عێراق و كوردستان و جەختی لە برایەتی و هاوبەشیی سیاسی كردەوە و بەڵێنی دا لە رۆڵگێڕانی باش بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، بەردەوام بێت.




