رێكخراوی خۆراكی جیهان: بۆ یارمەتیدانی پەنابەران تووشی كێشەی دارایی بووین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی رێكخراوی خۆراكی جیهان لە عێراق، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند،لە پارێزگای دهۆك ئارد بۆ ئاوارەكان دابین كراوە و بۆ چارەكردنی خواردنیش بە پێدانی پسوولە توانیویانە تا ئاستێك خواردن بۆ ئاوارەكان دابین بكەن. دەشڵێت، "تووشی كێشەی دارایی بووین و ناچارین لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمدا بڕی یارمەتییەكانمان بۆ پەنابەرانی سووریا كەم بكەینەوە".
بە مەبەستی تاوتووكردنی رەوشی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی رۆژئاوا و خستنەڕووی كار و پلانەكانیان بۆ ئەم مەبەستە، بەرپرسی رێكخراوی خۆراكی جیهان لە عێراق (جەین پیرس) سەردانی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری)ـی كرد.
لە دیدارێكدا بەرپرسی رێكخراوەكە تیشكی خستە سەر چالاكییەكانیان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و رایگەیاند كە، لە پارێزگای دهۆك ئارد بۆ ئاوارەكان دابین كراوە و بۆ چارەكردنی خواردنیش باسی لەم هەنگاوە كرد كە بە پێدانی پسوولە توانیویانە تا ئاستێك خواردن بۆ ئاوارەكان دابین بكەن، بەڵام لە ماوەی مانگی كانوونی یەكەمدا پێویستیان بە چارەیەكی جیددی هەیە.
سەبارەت بە رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوایش گوتی، تووشی كێشەی دارایی بوون و ناچارن لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمدا بڕی یارمەتییەكانیان بۆ پەنابەرانی سووریا كەم بكەنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵێك هەیە لەگەڵ لایەنە كۆمەكبەخشەكان ئەم كێشەیە چارە بكرێت و پێداگری لەسەر پێویستیی ستراتیژییەكی جیددی بۆ چارەكردنی كێشەی دارایی كرد و رایگەیاند، "بە شێوەیەكی یەكسان مامەڵە لەگەلًَ ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەرانی رۆژئاوادا دەكەین".
لە لایەن خۆیەوە (دیندار زێباری) باسی لە هەڵكشانی كێشەی مرۆیی كرد و گوتی، "چاوەڕوان دەكەین كێشەكە گەورەتر ببێت كە ناكرێت تەنیا پشتگیریی سیاسی و سەربازی لە بەرچاو بگیرێت، بەڵكە پێویستە بواری مرۆییش گرینگییەكی زیاتری پێ بدرێت". (زێباری) هەروەها داوای كرد كە، حكوومەتی عێراق لە بواری مرۆییەوە یارمەتیی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بدات و ئەركی خۆی لەم بوارەدا جێبەجێ بكات.




