بەرپرسی لقی 12: پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پێشووەچوونی بەخۆوە نەبینیوە

هەڵەبجە-KDP.info- لە دیمانەیەکی KDP.info-دا، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە (سەعید پشدەری) پێوەست بە پرسی پێکهێنانی پەیکەری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، هێشتا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە.. گوتیشی، لای ئەوان ئەولەییەت پێكهێنانی ئەو ئیدارەیە و پەلەكردن لێیەتی، زیاتر گوتی، "ئەگەر دەرفەت بە ئێمە بدرێت و بتوانین نموونەی ئیدارەی پارتی بهێنینە هەڵەبجە، ڕەنگە زیاتر بتوانین خەونەكانی دانیشتوانەکەی، كە ئەویش خزمەتكردنی زیاتری ئەو پارێزگا نوێیەی هەرێمی كوردستانە بهێنینە دی."
* بەپێی زانیارییەكان، پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولەوە كاری بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كردووە، چۆن بە كورتی وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەدەیتەوە؟
سەعید پشدەری: بەڵێ، پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەر لەوەی لە پڕۆژەوە بكرێت بە كردار، یەكێك بووە لە خەمە مەزنەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان كە مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی باوكی رۆحی و سیمبولی نەتەوەییمان (بارزانیی نەمر) كە داواكارییەكانی شۆڕش ئەوە بووە كە دەبێت هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا، دواتریش لە دوای راپەڕینەوە بە بەردەوامی یەكێك لە خەمە گەورەكانی پارتی و جەنابی (سەرۆك بارزانی) هەر ئەوە بوو كە دەبێ وەكو پادداشتێك و دیارییەكی بچووك لە ئاستی قوربانیانی هەڵەبجە لە قەزایەكەوە بكرێتە پارێزگا، لە دوای راپەڕینیشەوە بۆ یەكەم جار فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئەو پڕۆژەیەی خستە بەر باس و دواتر لە پڕۆژەوە بوو بە یاسا و یاسای پێ دەرچوو، ئەوەیش بەردەوامی هەبوو تا سەردانەكانی جەنابی سەرۆك و سەرۆكی حكوومەت بۆ هەڵەبجە كە بەردەوام ئەو پرسە دووپات دەكرایەوە لەلایەن ئەوان و بەڵێنەكان دووبارە دەكرانەوە تا بەڵێنەكان لە ساڵی رابردوودا چوونە بواری كردارەوە و بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرچوو كە بڕیارەكەیش دەرچوو، لە ڕووی كاتەوە هاوكات بوو لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، ئەوە بوو جێبەجێكردنەكەی دوا كەوت.
* كەی هەیكەلی ئەو پارێزگا نوێیە پێك دێت؟
سەعید پشدەری: هەموولایەكمان دەزانین كە پێكهاتەی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەت ئەویش پرۆسەیەك بوو كە زۆر گیروگرفتی هاتە پێش و دوا كەوت، بێگومان پێكهێنانی هەیكەلی ئەو پارێزگا نوێیەیش پەیوەست بوو بە پێکهێنانی حكوومەتەوە، دوای پێکهێنانی حكوومەتیش هەموو لایەكمان ئاگادارین بە هۆی ئەو قەیرانانەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەوە، رەنگە حكوومەتی هەرێم وەكو پێویست دەرفەتی نەبووبێ لە ماوەی رابردوودا كاری جیددی بۆ جێبەجێكردنی بكات، بەڵام خۆشبەختانە بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ ئەوەی كە میكانیزمێك بۆ چۆنیەتیی پێكهێنانی ئەو هەیكەلە ئیدارییەی پارێزگاكە دابنرێت.
* ئایا پارتی ئامادەیە بەرژەوەندیی حزبی و بیركردنەوەی حزبی بكاتە قوربانی لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان؟
سەعید پشدەری: لەلای ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەولەییەت پێكهێنانی ئەو ئیدارەیە و پەلەكردن لێیەتی، چونكە بە لای پارتییەوە خزمەتكردنی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان لە ئەولەوییەتی كار و بیركردنەوەی ئێمەدایە، دواتر ئێمە وەكو لایەنەكان ئەگەر ئەو میكانیزمەی حكوومەت ئەنجام درا و یەكلا كرایەوە و پرۆسەكە كۆتایی پێهات، ئەوا مایەی خۆشبەختی دەبێت بۆ هەموو لایەكمان، ئەگەر بەو شێوەیە كۆتایی نەهات و گەڕایەوە بۆ خواستی لایەنە سیاسییەكان، ئێمە بێگومان بەرژەوەندیی حزبی و بیركردنەوەی حزبی دەكەینە قوربانی لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان و هەرچی زووترە ئەو ئیدارەیە پێك بهێنرێت و پەلەیش بكرێت لە پێشكەشكرنی پڕۆژەی هەمەلایەنە بۆ ئەوەی ببێتە پاداشتێكی بجووك بۆ قوربانییەكانی هەڵەبجە و گیانی هەڵەبجەییەكان تا ئەو پارێزگا نوێیەی هەرێمیش بەرەو قۆناخێكی نوێ بڕوات.
*ئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان تا ئێستا چیی بووە؟
سەعید پشدەری: ئێمە نزیكەی دوو مانگ بەر لە ئێستا كۆبوونەوەیەكمان كرد كە یەكەم كۆبوونەوە بوو لە دوای هەڵبژاردن و لەو كۆبوونەوەیەیشدا بڕیارمان دا و لێکتێگەییشتنێكمان واژۆ كرد كە لە سێ خاڵ پێك هاتبوو، یەكێك لە خاڵەكان ئەوە بوو كە داوا لە حكوومەت بكرێت لیژنەیەك رابسپێرێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی دانوستانەكانی لایەنە سیاسییەكان بكات بۆ كۆتاییهێنان بە پێكهاتەی ئەو ئیدارەیە، كەواتە یەكێك لە خواستەكانی ئێمە وەكو لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە ئەوە بووە كە حكوومەت خۆی راستەوخۆ بێتە ناو پرۆسەكە و هەر بڕیارێكیش كە ئێمە بیدەین، پێویستمان بە بنەمایەكی یاسایی هەیە تا بڕیار بدەین ئایا ئێمە چۆن بڕیاری ئەو پێكهاتەیە بدەین بەپێی یاسای نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە پارێزگار دەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرێت كە یاسایەك هەبووە لە رابردوودا كە كاری پێ كراوە، ئەو یاسایە هەموار كراوە، كەواتە ئەو یاسایە هێزی یاسایی نەماوە، بۆیە ئێمە دووبارە هەر بڕیارێك وەری بگرین، پێویست وایە بگەڕێینەوە بۆ حكوومەتی هەرێم و بۆ وەرگرتنی شەرعییەتی یاسایی، لەو ڕوانگەیەشەوە حكوومەتیش یەكێك لە خەمەكانی ئەوە بووە و بڕیارەكە بڕیاری خۆی بووە و خۆیشیان لە ئەجێندای خۆیاندا دایانناوە كە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوە بكەن و چارەیەك بۆ ئەو پرسە دابنێن، هەرچەندە ئێمە ئەمڕۆ سەعات چوار كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە هەڵەبجە دەكەین و تێیدا گفتوگۆیەكی چڕوپڕی لەسەر دەكەین.
* لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە هەموویان پێكەوە كۆك بوون لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ئایا چاوەڕوانكراوە كە لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و بتوانن ئەو پرۆسەیە بەرەو پێش ببەن؟
سەعید پشدەری: بەلای ئێمەوە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەولەوییەت هەڵەبجە و بەرژەوەندیی شارەكە و هەڵەبجەییەكانە دواتر بەرژەوەندیی دیكەیە كە هیوادارین ئەمڕۆیش پێكەوە هەروەك چۆن لە رابردوودا لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە هەموومان پێكەوە كۆك بووین لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و خزمەتكردن بەو شارە، هیوادارین ئەو یەكدەنگییە ئەمڕۆیش بپارێزین و هەموومان پێكەوە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بتوانین ئەو پرۆسەیە بەرەو پێش ببەین.
*پارتی حزبی رەقەم یەك نییە لە هەڵەبجە، ئایا هەنگاوەكانی پارتی بۆ بەپارێزگابوون، بۆ خزمەتی هەڵەبجە بووە یاخود بەرژەوەندیی حزبی؟
سەعید پشدەری: كاتێك ئێمە داكۆكیمان لەسەر كردووە دەتوانم بڵێم لە هەموو لایەنەكان زیاتر لەوانەیە هەنێك لایەن لە قۆناخێك لە قۆناخەكان رێگریش بووبن لە بەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان پاشەكشەمان لەو پڕۆژەیە نەكرد و داكۆكیمان لەسەر كرد كە ئەوەیش بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەڵەبجەی شەهیدیش ئەو راستییە باش دەزانن، لە كاتێكیشدا كە ئەوەمان كردووە، زانیومانە كە لە هەڵەبجە ئێمە حزبی رەقەم یەك نین لە رووی پێگەی جەماوەری، زانیویشمانە كە هەڵبژاردن بكرێت دەنگی یەكەم ناهێنین، واتا ئەوە بەڵگەیەكە كە ئەولەوییەت لەلای ئێمە لە رابردوویشدا خزمەتی هەڵەبجە بووە نەك خزمەتی بەرژەوەندیی حزبی، هەر بەو نەفەسەیشەوە و بە هەمان شێوە ئامادەین كە كار بكەین لە پێناو خزمەتكردن بە هەڵەبجە.
*ئایا ئەو خزمەتە چۆن دەكرێت؟
سەعید پشدەری: ئەگەر دەرفەت بە ئێمە بدرێت و بتوانین نموونەی ئیدارەی پارتی بهێنینە هەڵەبجە، رەنگە زیاتر بتوانین خەونەكانی دانیشتوانەکەی، كە ئەویش خزمەتكردنی زیاتری ئەو پارێزگا نوێیەی هەرێمی كوردستانە بە هەموو گوند و ناحیە و قەزاكانییەوە ئەوانەی دەكەونە سنووری ئەو پارێزگایەوە، بۆیە ئەگەر خواستێك لەلای ئێمە هەبێت بۆ وەرگرتنی ئیدارە یان بۆ وەرگرتنی پۆستە گرنگەكانی ئەم پارێزگایە بۆ ئەوەیە، كە بتوانین ئەو نموونەیە بگوازینەوە و باشتر خزمەتی هەمەلایەنە پێشكەش بكەین، بەڵام لە قۆناخی ئێستادا ئێمە پێمان وایە باشترین شەرعییەت، شەرعییەتی دیموكراسییە كە وەربگیرێت، ئەویش لە رێگای هەڵبژاردنێكی تایبەتەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، پێشمان وایە دەبێ كاری جیددی بكەین بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، ئەوەیش پەیوەستە بە پێکهێنانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستاندا كە دروستیش بوو، پێمان باشە یەكەم كاری ئەو كۆمسیۆنە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بێت.
*ئەگەر ئەو پرۆسەیە دوا كەوت؟
سەعید پشدەری: بێگومان دوا دەكەوێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین وەزعی ئیداریی هەڵەبجە بەو شێوەیە بمێنێتەوە تا هەڵبژاردن دەكرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە بە تەوافوق لە حكوومەتێكی لۆكاڵی بنكەفراواندا كە تێیدا رەنگدانەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان تەنانەت ئەوانەی كەمترین دەنگیشیان هێناوە، بەیەكەوە بەشدار بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ماوەی گواستنەوە بەڕێ بكەین تاكوو هەڵبژاردن.
*پڕۆژەی پارتی ئێستا بۆ تەواوكردنی هەیكەلی ئیداری و مەسەلەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چییە و چەندە جێگای رەزامەندیی لایەنەكانی ترە؟
سەعید پشدەری: ئێمە پڕۆژەیەكی تایبەتمان هەبوو و گەڵاڵەمان كردبوو، بەڵام بۆ ئەوەی پڕۆژەكەمان پشتئەستوور بێت بە بنەمای یاسایی، لە كاتی راوێژكردنمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوان ئاگاداریان كردینەوە كە لە ئەجێندای ئەواندا هەیە كە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بكەن بۆ پرسی تەواوكردنی هەیكەلی ئیداری و مەسەلەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دانانی میكانیزمێك، لە كاتێكیشدا ئەو هەواڵەمان پێ گەییشت بڕیارمان دا پڕۆژەكەی خۆمان رابگرین و پێشكەشی نەكەین لەبەر ئەوەی كە ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە كە نوێنەری هەموو لایەنەكانیش لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، ئێمە بە پەسندمان زانی ئەو پرسە لەلای ئەوانەوە یەكلا بكرێتەوە، ئێمەش ئێستا چاوەڕوانی بریاری ئەوان دەكەین.
* ئەوەی كە تا ئێستا لە ئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەری رێك كەوتوون، چین و ئاستەنگەكانیش كامانەن؟
سەعید پشدەری: ئەوەی تا ئێستا لەسەری رێك كەوتووین و ڕەشنووسێکە و واژۆمان كردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا بوو كە دوو مانگ پێش ئێستا بوو بڕیارمان لەسەر سێ خاڵ دا، یەكیان دواندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی بوو بۆ ئەوەی كە رۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجە دیاری بكرێت. خاڵی دووەم ئەوە بوو كە داوا لە سەرۆكایەتی حكوومەت بكرێت لیژنەیەك رابسپێریت كە سەرپەرشتیی دانوستانەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بكات بۆ ئەوەی لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانەكەی ڕێککەوتن بكرێت. خاڵی سێەم ئەوە بوو كە داوا بكرێت بودجەیەكی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دیاری بكرێت كە لە ئاستی قوربانییەكان و ئەو ماڵوێرانییە بێت كە بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە. ئەوەی كە تاێستا لەسەری رێك كەوتووین، تەنیا ئەو سێ خاڵە بووە كۆبوونەوەی دیكە كراون و پڕۆژەیش هەبوون، بەڵام تەنیا پڕۆژە بوون و بە كراوەیی ماونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەریان، بۆیە تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە.
بەڕێوەبەری نووسین




