تا رێككەوتن دەكرێت، بەتەمەنترین ئەندامان سەرۆكایەتیی لیژنەكانی پەرلەمان دەكەن

بەغدا-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كوتلەكانی ناو پەرلەمانی عێراق كۆ بوونەتەوە و تێیدا بڕیار درا تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتن، سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتاری لیژنەكانەوە بە ڕێوە ببردرێن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د.ئەردەلان نورەددین) بە kdp.info-ی راگەیاند، سەرجەم كوتلەكان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەماندا كۆ بوونەوە و تێیدا بڕیار درا بە هۆی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانەوە تاوەكو30-ی ئەم مانگە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبن و ناگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانیان، كە پێشتر هەفتەیەك كۆبوونەوە دەبوو و هەفتەیەكیش دەگەڕانەوە پارێزگاكانیان.
(د. ئەردەلان) گوتیشی، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە تاوەكو كوتلەكان لەبارەی سەرۆكی لیژنەكان دەگەنە رێككەوتن، لە هەر لیژنەیەك بەتەمەنترین ئەندام سەرۆكایەتیی لیژنەكان دەكات، چونكە ناكۆكی لە نێوان كوتلەكاندا لەسەر دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەكان هەیە كە كوردیش لە كۆی 26 لیژنە، پێنج لیژنەی بەر دەكەوێت.
بڵند ئیبراهیم




