٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبادی: مالیكی خەزێنەی عێراقی تاڵان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.INFO-  پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی نوێی عێراق، دەركەوتووە كە (نووری مالیكی) نیوەی پاشەكەوتی خەزێنەی عێراقی بە تاڵان بردووە.
سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق(حەیدەر عەبادی)، باس لەوە دەكات كە پلانێك هەیە بۆ شكستهێنان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ئەمەش لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەرسێ سەركردایەتییەكەی عێراق بەشدارییان تێدا كرد لە كۆشكی سەلام، (عەبادی) ئەوەی ئاشكرا كردووە كە كابینەی پێشوو، چەندین ملیار دۆلاری لە سندووقی داهاتی نەوتی عێراق ناسراو بە (دی،ئێف، ئەی) ڕاكێشاوە، ئەم بڕە پارانەیش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (نووری مالیكی) ڕاكێشراون، ئەویش بە پاساوی پشتیوانیكردن و دروستكردنی هێزەكانی(الحشد الشعبی) ئەمەیش دوای داگیركردنی شاری مووسڵ و سەڵاحەددین لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە.
بەڵام (عەبادی) ئەوەی ڕوون كردووەتەوە، كە ئەو پسولانەی كە ئەو بڕە پارە زۆرانەی پێ سەرف كراون، زۆر گوماناوین و جێگەی پرسیار و بەدواداچوونن.
گوتیشی، ئەوان بە شوێن ئەو بابەتەدا دەچن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان لەو كارە دەكەن، لە چیی ئاست و پلەیەكی دەوڵەتدا بن.
ئەوەشی گوت، لە كۆبوونەوەی پێشووتر پەرلەمانی عێراق كە میوانداریی وەزیری دارایی بە وەكالەت(سەفائەددین سافی) كردووە، گوتوویەتی: سندووقی داهاتی نەوتی عێراق، ناسراو بە (دی،ئێف،ئەی) (6) ملیار دۆلاری تێدایە، بەڵام لە دواكۆبوونەوەدا كە بە هەمان شێوە میوانداریی وەزیری دارایی بە وەكالەت كردبوو، باسی لەوە كردووە كە تەنها (3) ملیار دۆلار لەو سندووقەدا ماوە، ئەمەش واتا ونبوونی سێ‌ ملیار دۆلارە لە داهاتی نەوتی عێراق.
شایانی باسە سەرۆكوەزیرانی نوێ بە ئاشكرا (نووری مالیكی)-ی سەرۆكوەزیرانی پێشووی بە بردنی ئەو بڕەپارەیە تاوانبار كردووە، چونكە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو، ئەو بڕە پارەیە ڕاكێشراوە و تەنیا بە ئاگاداریی ئەویش ئەو بڕە پارە خەیاڵییە سەرف كراوە.
هیوا حوسێن ئەمین

هەواڵی پەیوەندیدار