بلێر: دەبێ بە ڕێی زەوینییەوە لە داعش بدرێ، پرسیار ئەوەیە عێراقییەکان دەتوانن ئەو کارە بکەن؟

نیویورك-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا(تۆنی بلێر) ڕایگەیاند، وەشاندنی گورزی سەربازیی زەوینی لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کارێکی پێویستە، بەڵام، پرسیار ئەوەیە، ئایا هێزە عێراقییەکان لە توانایاندا هەیە ئەو کارە بکەن، یاخود لەسەر ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان پێویستە ئەو شەڕە بکەن.
ئەم قسانەی (بلێر) لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن-دایە بەوەی کە، ستراتیژی(سەرۆک ئۆباما) پێوەست بە وەشاندنی گورزی سەربازیی ئاسمانی بێ دەستتێوەردانی زەوینی دژ بە داعش، بەسە، زیاتر گوتی، "پێویستە لە ڕێی زەوینییەوە شەڕی داعش بکرێ، دەشێت ئەوانەی نێوخۆ کە بەرژەوەندیی زۆریان لە شەڕکردن لەگەڵ داعش هەیە، بەو ئەرکە هەڵستن.. من دڵنییام سەرکردایەتی لە بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکان، بۆ بەزاندنی داعش ئەوەی پێویست بێ دەیکەن."
دەربارەی پێوەندیکردنی گەلێک لە بەریتانیاییەکانیش بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، (تۆنی بلێر) دەڵێ، "بەپێی سەرژمێرییەک چەند سەد بەریتانیاییەک تێکەڵ بە داعش بوون، بەڵام ئەمە کێشەیەکی وەها نییە بەرەوڕووی بەریتانیا بووبێتەوە.. ئەو ژمارەیە بەراورد بە کۆمەڵگەی موسڵمانی نێو بەریتانیا ژمارەیەکی کەمە."
زریان زیاد




