بزانە لایەنەکان چیی دەڵێن.. یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی، بە دەرەوەی ئەنجوومەن سپێردران

سلێمانی-KDP.info- جارێكی دیكەیش یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕەوانەی دەرەوەی پارێزگا كران.. داوكاریی فراكسیۆنەكانیش خرایە سەر مێزی كفتوگۆی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان و زیاتر لە 20 رۆژیشیان وەك مۆڵت پێداون بۆ رێكکەوتن، ئەمەش پێ دەچێت دواهەوڵ بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و دابەشكردنی پۆستەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی .
پاش حەوت كۆبونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگاری ئەم شارە، ئەمڕۆ كۆبونەوەی هەشتەمی ئەو ئەنجوومەنە بەرێوە چوو، پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە كە تەنیا سەرۆكی فراكسیۆنەكان بەشدار بوون، تیایدا لە دەرەوەی بینای پارێزگای سلێمانی هەر یەك لە سەرۆكی فراكسیونی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و خزمەت بە جۆرێك باسیان لە كێشەكانی بەردەم چارەكردنی كێشەكانی ئەنجوومەن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان كرد .
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان (هەڤاڵ ئەبوبەكر) دەڵێت، "هیوادارین ئەم دواخستنە بۆ كاتكوشتن و هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئیداری و خۆجێیی ئەم شارە نەبێت كە بە یاسای ژمارە 159-ی ساڵی 1969 دیاری كراوە، دەخوازین بۆ بەگەڕخستنی ئیشەكە بێت".
گوتیشی، "ئێمە پێشنیازمان كردووە كە سەرەتا پارێزگار هەڵبژێدرێت كە ئەمە زۆر یاساییترە تا ئەوەی كە بە نایاسایی دوا بخرێت، داوایش لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە بێنە سەر خەت و كۆتایی بە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی لە سلێمانی بهێنن".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی خزمەت (مەهدی مەحموود) ڕایگەیاند كە، "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن پێمان وایە كە ئەم كێشەیە چەندە كێشەیەكی ئیداری و رێكخستن و یاساییە، دە ئەوەندە كێشەیەكی سیاسییە، هەر بۆیە بە گشتی گەییشتینە ئەو باوەڕەی كە چارەكردنی ئەم كێشانە بگوازینەوە لای سەركردەی لایەنە سیاسییەكان".
هاوكات سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی (د. ئاسۆ عەلی) ڕایدەگەیەنێت، "پێم خۆشە هەمووان ئەو راستییە بزانن كە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ململانێی سیاسیی تێدا نییە و لە ناو ئەم ئەنجوومەنەدا قەیرانی سیاسی و ناكۆكی بوونی نییە و ناكۆكییەكان و قەیران و ململانێ سیاسییەكان لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادان".
لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە راشكاوانە نائومێدیی خۆی لە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەردەبڕێت و پێی وایە كە، "ئەگەر ئاسۆیەك بۆ رێككەوتنی ئەم لایەنانە لە دەرەوەی ئەنجوومەن هەبووایە، ئەوا تا ئێستا كێشەكان یەكلا ببوونەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (دانا جەزا عەلی كاتب) ڕایگەیاند، "هەموو هەنگاوێك بۆ رێككەوتن و لێكنزیكبوونەوە بە شتێكی باش دەزانم، بەڵام سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ هیچ تێگەییشتن و رێككەتن و ئەنجامێكی نەبوو و چاوەڕوانی دواكەوتنیشی لێ دەكرا".
گوتیشی، "دواخستنی ئەمجارەیش بە مەبەستی كۆبوونەوەی لوتكەی باڵای لایەنە سیاسییەكانە بۆ رێككەوتن، هەر چەندە من وەك خۆم ئومێدم بەو كۆبوونەوانەیش نییە، لەبەر ئەوەی تا ئێستایش كۆبوونەوە و رێكەوتنەكان هەر لە لای ئەوان بووە، هەر بۆیە ئەگەر ئاسۆیەك بۆ رێككەوتن هەبووایە، ئەوا تا ئێستا رێك كەوتبوون".
سلێمانی /- ئارمان مەلا زادە




