٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: كۆنگرەی "ئای كاپ" دەرگەیەكی نوێی بە ڕووی دیپلۆماسییەتی كورددا كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

سریلانكا-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان داوای لە رووسیا كرد كە، لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاری هەرێمی كوردستان بێت بە هەر جۆرێك كە بۆ ئەو وڵاتە گونجاو بێت، نابێت ناكۆكییەكانیش لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر پرسە جیۆپۆلەتیكییەكان تێكەڵ بە شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن. دەشڵێت، "كۆنگرەی "ئای كاپ" دەرگەیەكی نوێی بە ڕووی دیپلۆماسییەتی كورددا كردەوە".

لە چوارچێوەی بەشداریكردنی شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە "پ.د.ك" بە سەرۆكایەتیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە (هێمن هەورامی) و هەریەكە لە بەرپرسی دێسكی ئاسیا (عەبدولسەلام زێباری) و ئەندامی مەكتەب (لیزا فەلەكەددین كاكەیی) لە كۆنگرەی پارتییەكانی ئاسیا لە كۆلۆمبۆی پایتەختی سریلانكا، چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ هەر یەكە لە جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی رووسیا (نیكۆلای لێڤیچیڤ) و شاندی یاوەری ئەنجام دا و بە وردی دواهەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی كوردستان و ئەگەرەكانی بەردەمی لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكیان لە دەستدایە، خستە روو.

(هەورامی) لە هەمان كاتدا ئەو پێشڕەوییانەی پێشمەرگە كە لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستان بەردەوامن و ئاوارەبوونی ملیۆن و نیوێك كەس كە بارگرانییەكی قورسە لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆ شاندی ڕووسیا شی كردەوە.
سەرۆكی شاندی پارتی هەروەها داوای كرد كە رووسیا هاوكاری هەرێمی كوردستان بێت لە شەڕی دژی تیرۆریستان بە هەر جۆرێك كە بۆ ڕووسیا گونجاو بێت، نابێت ناكۆكییەكان لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر پرسە جیۆپۆلتیكییەكان تێكەڵ بە شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن، كە لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر جیهانی ئازاد.
(هێمن هەورامی) ڕاشیگەیاند، "پێشبینیمان دەكرد ڕووسیا زووتر و زیاتر بێتە سەر خەت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە رووی هاوكاریی مرۆیی بۆ پەنابەران و پشتیوانیی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە دژ بە داعش.
هاوكات (هەورامی) لە كۆبوونەوەیەكی دیكەی گرینگدا لەگەڵ پارتیی بەهاراتا جاناتای فەرمانڕەوای هیندستان، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو پارتییە (ڤیجای ڤۆلی)، سەرەتا بە ناوی پارتییەكەیان و گەل و حكوومەتی هیندستان زۆر سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ كارئاسانی لە ئازادكردنی ژمارەیەك كرێكاری هیندی كە پێشتر لە لایەن تیرۆریستانەوە دەستگیر كرابوون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا، پارتیی بەهاراتا جاناتای هیندی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ داعش بەرز نرخاند. (ڤۆلی) بە ناوی حزبەكەیانەوە بە فەرمی بانگهێشتی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی كرد تا سەردانی هیندستان بكەن و بناخەیەكی پتەوی پەیوەندی لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلی كورد و هیند دابمەزرێنن.
شاندی پارتی بە درێژایی چەند رۆژی سەردانەكەیان، چەندین كۆبوونەوەی دیكەیان لەگەڵ ئەو پارتییە بەشداربووانەی كۆنگرەی ئای كاپ ئەنجام دا، وەك پارتییەكانی پەرلەمانی پاكستان و كەمبۆدیا و پارتیی ئەمنۆی فەرمانڕەوای مالیزیا و پارتیی داد و گەشەپێدانی ئەندەنووسیا و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی گەلی كەمبۆدیا و چەندیین كەسایەتیی دیكەی سیاسی كە بۆ بەشداریی كۆنگرەی پارتییە سیاسییەكانی ئاسیا هاتبوونە سریلانكا، كرد.
شایەنی باسە سەرۆكی سریلانكا (ماهیندرا راجاپاكسای) ئێوارەخوانێكی بۆ شاندی پارتییە بەشداربووەكانی كۆنگرەی ئای كاپ رێك خستبوو، شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش بەشداریی ئەو ئێوارەخوانەی سەرۆكی سریلانكایان كرد.

سەنگەر هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار