دەستگای بارزانی کۆمەک دەگەیەنێتە كۆبانی.. 12 ترێلە كۆمەك و هاوكاری دەگەیەنرێتە ئاوارەكانی سنوور و لە تورکیایشەوە خۆراکیان بۆ ساز دەکات

هەولێر-KDP.info- وەها بڕیارە دووسبەی سێشەممە 12 تڕێلە کۆمەکی دەستگای خێرخوازیی بارزانی بگەیەنرێتە ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژئاوا لە سنووری تورکیا هەروەها ناو شاری کۆبانی، هاوکات دەستگاکە بڕیاری داوە، خواردنی خێرا بۆ ئەو پەنابەرە کوردانەی ڕۆژئاوا دابین بکات کە لە نێو خاکی تورکیادان.
بە مەبەستی بەهاناوەچوونی پەنابەرانی كۆبانی كە بە هۆی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشەوە ماڵ و حاڵیان جێ هێشتووە و روویان لە سنووری وڵاتی توركیا كردووە، کە لە دۆخ و گوزەرانێكی خراپی ژیاندان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەكاریی دەكات بە تیمێكی بەرفراوانەوە كە پێكهاتووە لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی دەزگا بە 12 ترێلە لە خۆراك و پێداویستی بگەیەنێتە پەنابەرانی كۆبانی لەسەر سنووری وڵاتی توركیا و نێو شاری كۆبانی.
وەها بڕیارە دووسبەی سێشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(عەزیز شێخ ڕەزا) و جێگری سەرۆكی دەزگا(مووسا ئەحمەد) و تیمێكی دەزگا، كۆمەك و هاوكارییەكانیان بگەیەننە پەنابەرانی كۆبانی لەسەر سنووری وڵاتی توركیا و نێوخۆی شاری كۆبانی.
ئەو كۆمەك و هاوكارییانەیش کە دەستگای خێرخوازیی بارزانی دەیانگەیەنێت، بریتین لە 12 ترێلە خۆراك كە پێك هاتووە لە 6000 جێ خۆراك و بەسەر پەنابەراندا دابەشی دەكەن، هاوكات تیمەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە وڵاتی توركیاوە خواردنی خێرا بۆ پەنابەرانی كۆبانی دابین دەكات و بەسەریاندا دابەشی دەكات.




