٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆماری چێک پاڵپشتیی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی وکردستان لەگەڵ هاوتا چیکییەکەی.

هەولێر-KDP.info-  حکوومەتی چیک پاڵپشتیی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە پێدانی چەک بە پێشمەرگە و گەیاندنی نوێترین تەکنۆلۆژیای سەربازی بۆ ئەم هێزانە کردەوە.

ئەم هەڵوێستەی حکوومەتی چیک لەمیانەی دیدارەکانی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان(کەریم شنگالی)-دان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری چیک، کە لەسەر بانگهێشتى فەرمیى وەزیرى ناوخۆ(میلان چۆڤانیک)، سەردانی ئەم وڵاتەى کرد.
لەم کۆبوونەوانەدا، (کەریم شنگالی) باسی لە دواپێشهات و پەرەسەندنەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسیی هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکەی بە گشتى کرد. هەروەها کورتەیەکى سەبارەت بە شەڕى دژى داعش و پێویستیی بەردەوامبوونى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە هاوکاریکردنى حکوومەتى هەرێم و بەردەوامبوونیان لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنى تیرۆر لەناوچەکەدا پێشکەش کرد.
لەلای خۆشیەوە وەزیرى ناوخۆى چیک پابەندیى حکوومەت و گەلى چیکى دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردنى حکوومەت و گەلى کوردستان لە شەڕى دژى رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، و تیرۆر بە گشتى. هەروەها ئامادەییى تەواوى وەزارەتەکەى  نیشان دا بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێم لە بوارى دابینکردنى ئامراز و تەکنۆلۆژیاى پێشکەوتووى چاودێرى و ئاساییش و پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆ.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوایی هاوبەشدا، وەزیری ناوخۆی چیک ئاماژەی دا کە هێزەکانى پۆلیسى چیکی ئامادەن بۆ پێدانى خولى مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى ناوخۆى حکوومەتى هەرێم لە بوارى ئاشکراکردن و هەڵگرتنەوەى بۆمب و پوچەڵکردنەوەى بۆمبى چێنراو. هەروەها رایگەیاند کە داوای لە بەرپرسانی پۆلیسی وڵاتەکەی کردووە بە زووترین کات پێشنیازى بۆ ئامادە بکەن سەبارەت بە چۆنیەتیى پێشکەشکردنى هاوکارییەکانیان بە وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێم بۆ شەڕ لە دژى تیرۆر.
(کەریم شنگالی) متمانەی خۆی بە حکوومەتى چیک دەربڕی بەوەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات لە بوارى دابینکردنى تەکنۆلۆژیاى چاودێریى پێشکەتوو و سیستەمى پێشکەوتووى ئاساییش و کردنەوەى خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى ناوخۆ لە گشت بوارەکاندا. دووپاتیشی کردەوە حکوومەتى هەرێم وەکو هاوبەشێکى درێژخایەن سەیرى کۆمارى چیک دەکات.
هەر لەو سەردانەیدا وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى دەزگا ئەمنییەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى چیک کۆ بووەوە بە مەبەستى گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنیەتیى هەماهەنگى و هاوکارى لە نێوان هەردوو وەزارەتدا.
دواتر (کەریم شنگالی) لەگەڵ جێگرى وەزیرى بەرگریى چیک(تۆماس کوختەن)-دا کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنیەتیى پەرەپێدانى هەماهەنگى و هاوکاریى سەربازى لە نێوان حکوومەتى هەرێم و کۆمارى چیک. پاشان سەردانى کۆگاکانى چەک و کارگەى دروستکردنى چەک و تانک و زرێپۆشیان کرد بۆ ئاشنابوون بە توانا سەربازییەکانى کۆمارى چیک بە مەبەستى پێشکەشکردنى هاوکاریى سەربازى بە هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگە لە شەڕى دژى داعش و تیرۆر.
هەروەها لەسەردانێکیدا بۆ وەزارەتى دەرەوەى چیک، (شنگالی) لەگەڵ  (لوکاش کاوتسکى)-ی جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەم وڵاتە کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری ناوخۆ تیشکى خستە سەر رەوشى ئێستاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و رەوشى ئاوارەکان و پێویستیی بەردەوامبوونى کۆمارى چیک و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە پشتگیریکردن و پێشکەشکردنى هاوکاریى مرۆیى بە ئاوارەکان. لەبەرامبەردا (لوکاش) پابەندیى حکوومەتى چیکى دووپات کردەوە بۆ پشتگیرىکردنى هەرێمى کوردستان و پێشکەشکردنى هاوکاریی مرۆیى بە ئاوارەکان.
‌لە درێژەى چالاکییەکانیدا، (کەریم شنگالی) سەردانى سەرۆکایەتیى کۆمارى چیکى کرد و لەگەڵ  راوێژکارى سەرۆککۆمار بۆ کاروبارى دەرەوە(هینک کمونیچک) کۆ بووەوە. لە میانەى دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەى گرینگیى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان کۆمارى چیک کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرینگى ئاڵوگۆڕکردنى سەردان لە ئاستى باڵا لە نێوان هەردوو لادا. 
 

هەواڵی پەیوەندیدار