حكوومه‌ت له ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌رانی له پارێزگای دهۆك کۆڵییەوە.. سەرۆکوەزیران پێزانینی بۆ خه‌ڵكی سنووری پارێزگاكه دووپات كرده‌وه
__2014_09_21_h15m41s25__BA.jpg)
دهۆک-KDP.info- سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، ویڕای ده‌ستخۆشی له پارێزگار و ستافی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك كه هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كیان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی چی له توانادا بێت، هاوكاریی خه‌ڵكی ئاواره بكه‌ن، هاوکات پێزانینی بۆ خه‌ڵكی سنووری پارێزگاكه دووپات كرده‌وه كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و زۆر دڵسۆزانه و مرۆڤدۆستانه هاوكاریی ئاواره‌كانیان كردووه و ده‌كه‌ن. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌م، ده‌بێ هه‌موو كارێكی پێویست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان چۆڵ بكرێن و تێچووی پێویستیان بۆ دابین بكرێت، تا بۆ خوێندن ئاماده بكرێنه‌وه.
بۆ له نزیكه‌وه به‌دواداچوونی ڕه‌وشی ئاواره‌كانی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ده‌وروبه‌ریان، هه‌روه‌ها بۆ لێكۆڵینه‌وه له كێشه و پێداویستییه‌كانیان له سنووری پارێزگای دهۆك، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران(قوباد تاڵه‌بانی) و وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ پارێزگار و جێگری پارێزگاری دهۆك و قایمقامه‌كانی سه‌ر به پارێزگاكه، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ساز كرا.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ڕاپۆرتێكی وێنه‌یی ده‌رباره‌ی شوێنی مانه‌وه و حه‌وانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له ناوچه جیاكانی سنووری پارێزگای دهۆك نمایش كرا كه ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی نۆ سه‌د هه‌زار كه‌س و، له شنگال و ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای مووسڵ و عیراق له ته‌واوی پێكهاته‌كانی ئێزدی، مه‌سیحی، كاكه‌یی، توركمان، سوننه و شیعه ئاواره بوونه و، به‌سه‌ر قه‌زا و ناحیه‌كانی پارێزگای دهۆكدا دابه‌ش بوون، به جۆرێك كه له هه‌ندێ شوێنی پارێزگه‌كه، ژماره‌ی خه‌ڵكی ئاواره له خودی ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه زیاتره و، ڕۆژانه له لایه‌ن ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، خوادن و خواردنه‌وه و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی ژیانیان بۆ دابین ده‌كرێت.
له ڕاپۆرته‌كه‌دا هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی كه له لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه و وڵاتانی جیهانه‌وه پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ران كراون و، سوپاسی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی پارێزگای دهۆك و ئه‌و وڵاتانه كرا كه ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران درێژ كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌و پلانه خرایه ڕوو كه هه‌م بۆ بنیاتنانی به‌رده‌وامی كه‌مپی نیشته‌جێبوون و، هه‌م بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی سووته‌مه‌نی بۆ وه‌رزی داهاتووی سه‌رما و سۆڵه له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئاماده كراوه.
ڕاپۆرته‌كه هه‌روه‌ها به وردی ئه‌و كاره به‌رده‌وامانه‌ی خسته ڕوو كه بۆ بنیاتنانی كه‌مپه‌كان له ته‌واوی سنووری پارێزگاكه جێبه‌جێ ده‌كرێن و، ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه ده‌بێ بۆ كه‌مپه‌كان پێشكه‌ش بكرێن، وه‌ك خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانی كارگێڕی، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، ئاوی خواردنه‌وه و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی پۆلیس و ئاسایش بۆ كه‌مپه‌كان، كه ئه‌مه‌ش تێچوون و خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌خاته سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، كار و به‌دواداچوونێكی وردی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی پێویسته و، دروستكردن و ئاماده‌كردنی تیمی تایبه‌تی ده‌وێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له پێویستیی به‌هاناوه‌هاتنی حكوومه‌تی عیراق بۆ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان كرا و، جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه حكوومه‌تی عیراق ئه‌ركی پێویستی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه و، وه‌ك پێویست خۆی له پرسی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان به‌خاوه‌ن نه‌كردووه، بۆیه داوا له حكوومه‌تی عیراق كرا وه‌ك پێویست ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات و ئاوڕی جیددی له ئاواره‌كان بداته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه حكوومییه په‌یوه‌نداره‌كانی عیراق كۆ ده‌بێته‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داكۆكی له‌وه كرایه‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت په‌له له بنیاتنان و ئاماده‌كردنی كه‌مپه‌كان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به زووترین كات بینای قوتابخانه‌كان له خه‌ڵكی ئاواره چۆڵ بكرێن و بگوازرێنه‌وه كه‌مپه‌كان، تا قوتابیان بتوانن ده‌ست به ساڵی خوێندن بكه‌ن، چونكه به هۆی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵكی ئاواره له قوتابخانه‌كاندا، تا ئێستا ڕێژه‌ی زیاتر له سه‌دا چلی قوتابخانه‌كانی پارێزگای دهۆك له پرۆسه‌ی خوێندن؛ دابڕاون، به‌ڵام به هۆی كاری به‌رده‌وامی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌ته‌وه، ڕۆژانه قوتابخانه‌كان چۆڵ ده‌كرێن و ئه‌و ڕێژه‌یه كه‌متر ده‌بێته‌وه.
له كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران؛ سوپاس و ده‌ستخۆشی له پارێزگار و ستافی كارگێڕیی پارێزگای دهۆكی كرد كه هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كیان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی چی له توانادا بێت، هاوكاریی خه‌ڵكی ئاواره بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و سوپاس و پێزانینی بۆ خه‌ڵكی سنووری پارێزگاكه دووپات كرده‌وه كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و زۆر دڵسۆزانه و مرۆڤدۆستانه هاوكاریی ئاواره‌كانیان كردووه و ده‌كه‌ن. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌م، ده‌بێ هه‌موو كارێكی پێویست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان چۆڵ بكرێن و تێچووی پێویستیان بۆ دابین بكرێت، تا بۆ خوێندن ئاماده بكرێنه‌وه.




