هەزار كەس لە ریزەكانی پێشمەرگە بۆ شەبەكەكان دادەمەزرێن.. هەفتەی داهاتوو دەستبەكار دەبن

مووسڵ-KDP.info- نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی هەزار كەسی كوردی شەبەك لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دراوە و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو دەستبەكار بن.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق (مەلاسالم شەبەك)، بۆ kdp.info رایگەیاند، ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی هەزار كوردی شەبەك لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دراوە و ئێستایش دەست بە ناونووسین كراوە، كە 800 كەس ناوی خۆیان نووسیوە و تەنیا 200 كەس ماون ناویان تۆمار بكەن، بۆیە رەنگە ئەم هەفتەیە ناونووسین تەواو بێت و هەفتەی داهاتوویش دەستبەكار بن.
سەبارەت بە لێدوانێكی (حەنین قەدۆ) كە باس لەوە دەكات، بەغدا رازی بووە نزیكەی 300 كەس لەسەر میلاكی سوپای عێراق بۆ كوردانی شەبەك دابمەزرێنێت، (مەلاسالم) گوتی، "ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و (حەنین قەدۆ) نوێنەرایەتیی كوردی شەبەك ناكات، رێگەیش نادەین بە ناوی شەبەكەوە قسە بكات، بۆیە ئەو جۆرە قسانە لە راستییەوە دوورن و هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدراوە".
(شەبەك) ڕوونیشی كردەوە كە، "جگە لە هێزی پێشمەرگە، رێگە نادەین هیچ هێزێكی دیكە بێتە ناوچەكانمان و تەنیا پێشمەرگە پارێزگاری لە شەبەكەكان دەكات".
بڵند ئیبراهیم




