٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران: داواكارییەكانی هەرێم ڕەوان و دەبێ بەغدا هەنگاوی جیددی و كرداری بنێت

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خەسرۆ گۆران)

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دەبێت داواكارییە رەواكانی هەرێمی كوردستان بەلای كەمەوە لەلایەن بەغداوە هەنگاوی جیددی و كردارییان بۆ بهاوییشترێت تا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان نیەتپاكیی حكوومەتی نوێی عێراقیان بۆ دەربكەوێت.


سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خەسرۆ گۆران) بۆ kdp.info گوتی، "مەسەلەی هەبوونی وەزیر و نەبوونیان لە بەغدا هیچ لە مەسەكە ناگۆڕێت تا رێككەوتن نەكرێت، چونكە وەك دیارە چەند وەزیریشمان لە بەغدا هەبوو، بەڵام مووچە و بودجەیشیان بڕی، بۆیە پرسەكە لە پۆست و پایە گرینگترە، دەبێت ئەو داواكارییە رەوایانەی هەرێمی كوردستان بەلای كەمەوە لەلایەن بەغداوە هەنگاوی جیددی و كردارییان بۆ بهاوییشترێت تا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بتوانێت بڵێ نیەتی باشیان هەیە و حكوومەتی ئێستا بە كردار كێشەكان چارە دەكەن".
(گۆران) دەشڵێت، "ئێمە لە رۆژی سوێندخواردنی كابینەی نوێدا داواكاریی خۆمان خوێندەوە كە لە شەش خاڵ پێك هاتبوو و ئەم خاڵانەیش بە لای ئێمەوە گرینگن، خاڵی كۆتاییش باسی ئیستحقاقی ئینتخابی دەكات كە پشكی كوردە لە بەغدا ئەوەیش بە لای ئێمەوە كۆتا شتە، وەلێ قسە و گوتار و مجامەلە یەك لایەنیان هەیە، ئەوانە هەمووی ناگەنە هەنگاوی كرداری لەلایەن حكوومەتەكەی (عەبادی)ـیەوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەر ئەوەیش بە لای ئێمەوە گرینگە".
سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوایشی وایە كە، "دەبێت حكوومەتی عێراق هەنگاو بنێت و پێیان خۆش بێت یان نا، هەرێم پشكی داهاتی خۆی هەیە، جا وەزیری كورد هەبێت یان نەبێت، ئەوە هەقی خۆمانە، بەڵام كە وەزیر لە ئێستادا لەوێ بێت یان لەوێ نەبێت، هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت".
سەبارەت بە رێكنەكەوتنی كورد لەسەر پۆستەكانی بەغدا، (خەسرۆ گۆران) گوتی، "تا ئێستا لەسەر پۆستەكان رێك نەكەوتووین، بەڵام ئەوە خاڵێكی زۆر گرینگ نییە و دەكرێت لە دواساتدا رێك بكەوین. خۆ بۆ سەرۆكایەتیی كۆماریش هەر وا بوو و لەناو خودی یەك حزبدا كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، سێ كاندید هەبوو، بەڵام لە دواساتەكاندا یەكلا كرایەوە. ئێمەیش سەیری نیەتی حكوومەتی ئێستای عیرَاق دەكەین و گرفتیش لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی كورد نییە، چونكە پۆستەكان ئیستحقاقن و قەبارەی هەر لایەنێكی سیاسیی كوردستانی چەند بێت، بایی ئەوەندە پۆست وەردەگرێت، ئەمەیش نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق وایە، چونكە ئەوان دەڵێن بە خاڵە و ئەوەیان زۆر ئاسانتریشە، لەبەر ئەوەی بە خاڵ دیار دەبێت كە هەر لایەنەی چەند وەزارەت یان چ پۆستێكی بەر دەكەوێت".
گوتیشی، "ئێمە لە سەعاتی یەكەمدا نەچووینە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە حكوومەتی نوێ بۆ ئەوەی متمانە بە حكوومەت بدەین، بەڵام دواتر چووینە كۆبوونەوەكە و وەرەقەی سیاسیی خۆمان خوێندەوە كە لە شەش خاڵ پێك هاتبوو و تێیدا گوتوومانە كە ئێمە ئامادەین بەشداری لە حكوومەتدا بكەین و ماوەی سێ مانگیش مۆڵەت دەدەینە ئەو حكوومەتە بۆ ئەوەی نیەتی پاكی ئەو حكوومەتە بزانین، لە ماوەی ئەو سێ مانگەیشدا حكوومەتی نوێی عێراق ئەگەر بیەوێ شتێك بكات، بە دیار دەكەوێت، جا ناردنی مووچەی فەرمانبەران بێت یاخود هەنگاوی كرداری بێت بۆ ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 یان یاسای نەوت و هەموو ئەو كێشانەی دیكە".
بە گوتەی (گۆران)، مەسەلەی پۆستەكان زۆر ئاسانە و شتێكی شكڵییە، لەوانەیە كورد بە سێ وەزارەت رازی نەبێت، دەتوانن بیكەنە چوار وەزارەت یان ئاڵوگۆڕ لە وەزارەتەكاندا بكرێت، بۆیە بە گشتی ئەمە شتێكی ئەوەندە گەورە نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار