حكوومه‌ت و ده‌زگاكانی UN له ڕه‌وشی ئاواره‌كانیان کۆڵییەوە

دهۆک-KDP.info- ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سوپاس و پێزانینیان پێشكه‌ش به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌یی زوودا و به شێوه‌یه‌ك پێشبینی نه‌ده‌كرا، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا كرد و توانی پێشوازی له‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان بكات و داڵده‌یان بدات.لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی)، سوپاس و پێزانینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێشكه‌ش به ده‌زگا و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد، بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی له كوردستان به گشتی و له پارێزگای دهۆك به تایبه‌تی پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌كه‌ن.
ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران له سنووری پارێزگای دهۆك، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه،به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و، وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری دهۆك، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوی جیهانیی ته‌ندروستی WHO، به‌رنامه‌ی جیهانیی خۆراك WFPو كۆمیساری باڵای كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان UNHCRو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده و زانست و ڕۆشنبیری UNESCO، له دهۆك ساز كرا.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، سوپاس و پێزانینیان پێشكه‌ش به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌یی زوودا و به شێوه‌یه‌ك پێشبینی نه‌ده‌كرا، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا كرد و توانی پێشوازی له‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان بكات و داڵده‌یان بدات و پێداویستییه‌كانیان دابین بكات، هه‌روه‌ها لێزانی و لێهاتووییه‌كی ته‌واو بۆ چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان، نیشان بدات.
پاشان به تێروته‌سه‌لی باس له ڕه‌وشی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه كرا و تیشك خرایه سه‌ر كێشه و گرفته‌كانیان، جه‌ختیش له‌وه كرایه‌وه كه ئه‌وپه‌ڕی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوان ده‌زگا و ئاژانس و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه خزمه‌ت به په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان بكرێت و كێشه و گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر و، پێداویستییه‌كانیان له ڕووی ژیاری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه دابین بكرێن.
له كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، سوپاس و پێزانینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێشكه‌ش به ده‌زگا و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد، بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی له كوردستان به گشتی و له پارێزگای دهۆك به تایبه‌تی پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌كه‌ن، كه بوونه‌ته هاوكارێكی گرنگی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وشه قورسه‌ی به هۆی زۆریی ژماره‌ی ئاواره و په‌نابه‌رانه‌وه كه‌وتووه‌ته سه‌ر شانی حكوومه‌ت، به تایبه‌تی كه حكوومه‌تی عیراق وه‌ك پێویست له‌م كه‌یسه‌دا هاوكار نیه و ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه.




