٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی كاروباری خانمان: با هەموو هەوڵێكمان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئافرەتە رفێندراوەكان بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە رۆژی جیهانیی ئاشتیدا پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، "با لەم رۆژەدا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئازادكرن و دیاریكردنی چارەنووسی سەرجەم ئەو ئافرەتە رفێندراوانە بێت كە لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە رفێندراون و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت". ڕوونیشی دەكاتەوە كە، "پێویستە گشت تواناكانمان یەك بخەین بۆ ئەوەی بیتوانین ئەم قۆناخە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین".

ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:

بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، سەرجەم مرۆڤایەتی ئەمڕۆ 21ـی ئەیلوول، ئەم یادە بەرز ڕادەگرن، نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم رۆژەی بۆ قوڵكردنەوەی پەیامی ئاشتی و تەبایی و خۆشەویستی لە نێوان گەلاندا دەستنیشان كردووە.
لە ساڵی 2001ـدا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بە تێكڕای دەنگ بڕیاری ژمارە 8282/55ـی پەسند كرد بۆ ئەوەی رۆژی جیهانیی ئاشتی بە فەرمی لە هەمووو جیهاندا بچەسپێت، رۆژێك بێت بۆ راگرتنی توندوتیژی و ئاگربەست لە شەڕەكاندا.
نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات هەموو نەتەوە و گەلان پابەندی ئاگربەست و راگرتنی كاری دوژمنكارانە بن، لە رێگەی رۆشنبیركردن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ئاشتی لەلای هاووڵاتیان، بەو پرسانەی پەیوەندییان بە ئاشتییەوە هەیە،‌ ئەم رۆژە بەرز ڕابگرن.
ئەمساڵیش بە دروشمی (ئاشتی مافی گەلانە) ڕۆژی ئاشتی بەرز ڕادەگرین، ئێمە لە كاتێكدا یادی رۆژی جیهانیی ئاشتی دەكەینەوە لە بەشێكی زۆری ناوچەكە شەڕ و توندوتیژی درێژەی هەیە و گرووپی تیرۆریستیی داعش چەندین تاوانكاریی دژی ژنان و منداڵان و كۆمەڵگە بە تێكڕا، ئەنجام داوە و بە دەیان ئافرەتی ئێزدی و كریستیان و پێكهاتەكانی تر بەكۆیلە كراون و دەستدرێژییان كراوەتە سەر و كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە..
با لەم رۆژەدا هەموو هەوڵێكمان بۆ ئازادكرن و دیاریكردنی چارەنووسی سەرجەم ئەو ئافرەتە رفێندراوانە بێت بۆ پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و رەنگاوڕەنگی و فرەیی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، ئەمەیش ببێتە سەرچاوەی پێشكەوتن و بەختەوەریی هەمووان بە تایبەتی ئافرەتان و منداڵان.. بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئاشتییەوە پێویستە گشت تواناكانمان یەك بخەین بۆ ئەوەی بیتوانین ئەم قۆناخە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنین.

هەر شەكاوە بێت ئاڵای ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیان

ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان
21/9/2014

هەواڵی پەیوەندیدار