نێچیرڤان بارزانی: دەخوازین وەك چۆن لەندەن دەنگی سكۆتلانداییەكانی بیست، بەغدایش دەنگی هەرێم ببیستێت

هەولێر-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی ڕیفراندۆمەكەی سەربەخۆییی سكۆتلاندا، وەڵامی چەند پرسیارێكی ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە. سەرۆكوەزیران لە وەڵامی پرسیارەكاندا، دید و سەرنجەكانی خۆی دەخاتە ڕوو، هەروەها هیوا دەخوازێ كە وەك چۆن لەندەن دەنگی سكۆتلانداییەكانی بیست، بەغدایش بە هەمان شێوە، دەنگی هەرێمی كوردستان ببیستێت.
ئەمە دەقی وەڵامەكانی (نێچیرڤان بارزانی)ـیە:
* بەڕێز سەرۆك وەزیران، ئێمە سەرنجمان داوە كە بەڕێزتان گرینگییەكی زۆرە بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی سكۆتلاندا دەدەن، بۆچی؟
- ئەم پرۆسەیە لای من زۆر سەرنجڕاكێشە و پڕە لە وانە، بۆ لێفێربوونی. بەرتیانیا یەكێكە لە بەردەوامترین دیموكراسی لە دونیادا. نەریتی پەرلەمانییان دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەد ساڵێك. یەكێكە لە پێكهاتە دەوڵەتە كۆنەكان، یەكێتیی نێوان گەلانی جیاواز. یەكێك بوو لە ئێمپراتۆرییە مەزنەكان، چەندین كیشوەری گرتە خۆ. لە هەندێك كاتی هەرە گرنگدا سیاسەتمەدار و هێزی سەربازی و شۆڕشی پیشەسازیی پادشایەتیی یەكگرتووی ئەم دونیایەی پێك هێنا كە ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین. بەشی زۆری دەوڵەتانی ئەمڕۆ لە دنیادا یا ڕاستەوخۆ لە لایەن شانشینی یەكگرتووەوە دروست كراون، یا لە ژێر كار و ئیلهامی بیری ئازادیی ئابووری، سەروەری و مافی گەلان بۆ بڕیاردان لەسەر ئاییندەی خۆیان، كە لە بەریتانیاوە سەری هەرڵداوە، دروست بوون.
* هیچ دەوڵەتێكتان لە خەیاڵدایە كە لە شانشینی یەكگرتوو بچێت؟
- بەڵێ. كاتێك بەریتانیای مەزن عێراقی ئەمڕۆی دروست كرد لە ساڵانی 1920-دا، هەندێك دیپلۆمات و بەرپرسی بەریتانیایی لەسەر بیرۆكەی شانشینی یەكگرتووی عێراق كاریان دەكرد. ئەو كەسانە پشگیریی كوردستانیان دەكرد كە ببێتە شانشین لە ژێر دەسەڵاتی (شێخ مەحموود)-دا و یەك بگرێت لەگەڵ شانشینی هاشمی و پێكەوە شانشینی یەكگرتووی عێراق پێك بهێنن. بەداخەوە لە كۆتاییدا ئەو بیرۆكەیە بەرجەستە نەبوو. ئەوەی دەست كەوت پادشایەتیی (هاشمی) بوو.
* بە بۆچوونی ئێوە، دەكرێت ئێمە چ وانەیەك لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی سكۆتلاندا فێر ببین؟
- شتێك كە یەكسەر دێتە بیری من ئەمەیە: باشترین شێوەی پێكەوەژیانی گەلانی جیاواز لە هەر وڵاتێكدا بێت، پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەیە. ڕێككەوتننامەی ئێستای نێوان سكۆتلاند و شانشینی یەكگرتوو سێسەد ساڵ تەمەنیەتی، تەنانەت لە دیموكراسییە كۆنەكانیشدا، وەك بەریتانیا، خەڵك لە هەر كاتێكدا پێكهاتەی سیاسی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. پارتیی ناسیۆنالیستی سكۆتلاندایی، ویستی سرووشتی دیموكراتیی دەوڵەتی بەریتانیا تاقی بكاتەوە بەوەی داوای ڕیفراندۆمیان كرد. ئەو هەلەیان پێ درا و زۆرینە بڕیاریان دا لە وڵاتەكەدا بمێننەوە. سەرباری ئەو هەموو هەست و نەستەی لە گفتوگۆكەدا دەربڕدرا، من پێم وایە پڕۆسەكە زۆر گرینگ بوو. بە بەراورد لەگەڵ چەندین وڵات كە خەبات دەكەن تا پێكەوە بمێننەوە، سیاسەتمەدارانی بەریتانیا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی دابەشبوونی وڵاتەكەیان بوونەوە؛ بەڵام بەڵگەی دیموكراسی و ئاییندەی وڵاتەكەیان بەهێزتر بوو. ڕیفراندۆمەكەی سكۆتلاندا ڕێی بەوانە دا كە باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەبوو، تا لە خەڵكی سكۆتلاندا بپرسن دەرباری خواستیان بۆ مانەوە لە وڵاتەكەدا، یان نا؟. ئەمە نموونەیەكی باڵای پرۆسەیەكی دیموكراتیی ئاشتیخوازانەیە، دوور لە شەڕی ناوخۆ، توندوتیژی و داگیركردن، كە لە هەندێك بەشی دیكەی جیهان دەیبینین كاتێك مامەڵە لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی دەكەن.
* هیچ هاوتەریبییەك دەبینن لەگەڵ ڕەوشی ئێمە لە كوردستان و لە عێراقدا؟
- بەڵی، بێگومان. ئێمە دەبێت زۆر بە قووڵی و جیددی لە ڕەوشی خۆمان بڕوانین لە كوردستاندا. ئێمە ڕێككەوتنێكی فیدڕاڵیمان لەگەڵ عێراقدا هەیە. چوار لە پێنجی دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراقدا، دەستوورە فیدڕاڵییەكەی ئێمەی پەسەند كرد. لەو كاتەوە تا ئێستا چەندین ماددەی گرینگی دەستوورەكەمان چاوەڕوانی جێبەجێكردنن.
ئێمە هەڵبژارندنی دیموكراتیمان ئەنجام داوە، گەلەكەمان چاوەڕوانی ئەنجامە، ئێمە دەبێت هەلومەرجی ژیانی هاووڵاتیان باشتر بكەین؛ دەبێت ئاساییشی كوردستان دابین بكەین؛ ئێمە پێویستمان بە بڕیاری كۆتایی هەیە دەربارەی ماددەی 140؛ دەبێت دڵنیا بین لەوەی كە ناكرێینە بارمتەی خواستی سیاسەتمەدار لە بەغدا، تا بزانین كەی، یا ئەگەر بەشی دەستووریی داهاتمان وەردەگرین یان نا؟؛ ئێمە پێویستمانە هەست بكەین بەشێكین لە وڵاتێك كە تێیدا پێداویستیمان، خەممان و هیوامان بە جیددی وەردەگیرێت.
ئێستا، كە بەشێكی زۆرینەی دیاری دەنگدەران لە سكۆتلاندا بڕیاریان دا لە وڵاتەكەدا بمێننەوە، دەبێت حكوومەت لە لەندەن ببیستێت كە بەشێكی گرینگی خەڵكی سكۆتلاندا خەمی پەیوەندیی داهاتوویانە لەگەڵ وێستمنستر. من زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم سەرۆكوەزیران بەڕێز (دەیڤید كامیرۆن) بەڵێنی دا بۆ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بۆ بەشی جیاوازی وڵاتەكە. ئومێد دەخوازم منیش پەیامی هاوشێوە ببیستم لە بەغداوە، كاتێك خەڵكی كوردستان خەمی خۆیان دەربارەی عێراق دەردەبڕن. هیوا دەخوازم گوێم لە سیاسەتمەدارانی بەغدا بێت، بڵێن، "گەلی كوردستان، ئێمە دەنگتان دەبیستین و چارەی خەمتان دەكەین، چونكە دەزانین ناتوانین هەتاهەتایە وەك بەشدارێكی نائومێد ڕاتانبگرین، دنیا لە گۆڕاندایە و ئێمەیش دەبێت خۆمان بگۆڕین".




