پەرلەمانی ئەورووپا بە فەرمی داوای لە بەغدا كرد بە دەم داواكارییەكانی هەولێرەوە بچێت

سترانبۆرگ-KDP.info- پەرلەمانی ئەورووپا لە پڕۆژەبڕیارێكدا پشتگیری لە بڕیاڕی وڵاتانی ئەندام دەكات بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیی سەربازی و ناردنی چەك، ئەم هەنگاوانەیش بە گرینگ و گاریگەر دەزانێت بۆ شەڕی داعش. هاوكات بە فەرمییش داوای لە بەغدا كرد بە دەم داواكارییەكانی هەولێرەوە بچێت.
بە ئامادەبوونی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی)، شاندێكی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی ئەورووپا لە شاری سترانبۆرگ پڕۆژەبڕیارێكی لەسەر عێراق دەركرد و تێیدا هاتووە كە، پەرلەمانی ئەورووپا پشتگیری لە بڕیاڕی وڵاتانی ئەندام دەكات بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیی سەربازی و ناردنی چەك، ئەم هەنگاوانەیش بە گرینگ و گاریگەر دەزانێت بۆ شەڕی داعش.
هاوكات پەرلەمانی ئەورووپا بە ڕۆڵی مرۆیی حكوومەتی هەرێم ئاگادارە لە چۆنیەتیی پێشوازیكردن لە ئاوارەكان و داوا لە یەكیەتیی ئەورووپا و ئەندامان و دامودەزگاكانی دەكات، هەموو هاوكارییەكی هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخەدا بكەن كە بارێكی قورسە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بووە.
پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها بە فەرمی داوا لە توركیا دەكات كە هەڵوێستی بەرانبەر هەڵسوكەوتە دوژمنكارییەكان و هەڕەشەی داعش بۆ سەر گشت جیهان، بۆ ڕای گشتی و جیهان ڕوون بكاتەوە. هەروەها بڕیارێكی دیكەی یەكیەتیی ئەورووپا هاوكاریی كوردانی رۆژئاوایە كە لە حاڵێكی خراپدان، لە بڕیارێكی زۆر گرینگیشدا داوای كرد دۆخی ئافرەتانی عێراق باشتر بكەن بە تایبەت دۆخی ئافرەتانی ئێزدی و ئەو توندوتیژی و كڕین و فرۆشتنەیش لەسەر ئەو ئافرەتانە، بە زووترین كات ڕابگیرێت.




