٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی باڵای هاوكاریكردنی پەنابەران وەك پێویست كاری نەكردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا كە میوانداریی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق كرا، رەخنەی زۆری لێ گیرا كە وەك پێویست خزمەتی ئاوارەكان نەكراوە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. ئەشواق جاف) بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ بووەوە و تێیدا میوانداریی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق (ساڵح موتلەگ)ـی كرد، ئەمەیش بە مەبەستی لێپرسینەوە لەو لیژنە باڵایەی حكوومەت كە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان دروست كرابوو.

(د. ئەشواق) گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا رەخنەی زۆر لەو لیژنەیە گیرا، چونكە وەك پێویست نەیانتوانیوە لە ڕووی دابینكردنی شوێن بۆیان هاوكاریی ئاوارەكان بكەن كە لەناو قوتابخانەكاندا نیشتەجێن و خوێندنیش دەستی پێ كردووە، هەروەها لەبارەی دابەشكردنی بڕی یەك ملیۆن دیناریش وەكو هاوكاری كە تاوەكو ئێستا بەشێكی زۆری ئاوارەكان وەریان نەگرتووە، ڕەخنەیان ئاڕاستە كرا، بەڵام وەڵامی ئەوان هەمووی بە زارەكی بوو و هیچ نووسراوێكی فەرمییان پێ نەبوو.
ڕوونیشی كردەوە كە، "ئێمەیش داوامان كردووە هاوكاریی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستانیش بكرێت لە ڕووی دابینكردنی شوێن و دەواودەرمان، چونكە هەرێم بە تەنیا توانای حەواندنەوەی ئەو هەموو ئاوارەیەی نییە".
(جاف) زیاتر گوتی، پەرلەمان بڕیاری دا كە لیژنەیەك دروست بكرێت و هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو لیژنە حكوومییە بكات.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار