دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانەیەكی 12 پۆلیی لە كەمپی كەورگۆسك كردەوە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پەرەپێدان بە پرۆسەی خوێندن و بەردەوامیی منداڵانی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان لەو پرۆسەیەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ دەستپێكی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت بەردەوام لە بواری پەروەردە و خوێندندا خزمەتی پەنابەران بكات و لەو میانەیەیشدا لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و سەرۆك و جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، قوتابخانەیەكی 12 پۆلی ئامادەیی لە كەمپی كەورگۆسك كرایەوە و هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بەسەر 1050 قوتابیدا دابەش كرد.
رۆژی 20/9/2014 دەزگای خێرحوازیی بارزانی بە مەبەستی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی منداڵانی كەمپی كەورگۆسك و بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن لەنێو كەمپەكەدا، بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (پشتیوان سادق) و سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا) و جێگری سەرۆكی دەزگا (مووسا ئەحمەد) و ژمارەیەك كەسایەتیی ئیداری، قوتابخانەیەكی ئامادەیی 12 پۆلیی بە ناوی ئامادەیی جگەرخوێن لە كەمپی كەورگۆسك كردەوە.
دروستكردنی ئەو قوتابخانەیە گوژمەی 100 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی تێ چووە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دروست كراوە، دوابەدوای كردنەوەی قوتابخانەكەیش لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سەرجەم پێداویستییەكانی خوێندن بەسەر 1050 قوتابیی قوتابخانەكەدا دابەش كرا كە خۆی لە جانتا و پەڕاو و قەڵەم و رەشكەرەوە و دادەر و دەیان جۆری دیكەی پێداویستی دەبینییەوە.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵمەتەكە و كردنەوەی قوتابخانەكە و دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن بۆ قوتابیانی رۆژئاوای كوردستان لە كەمپەكەدا رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێكی پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، بەپێویستمان زانی قوتابیانی رۆژئاوا بێبەش نەبن لەو پرۆسەیە و بەردەوام بن لە خوێندنیان بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت، بۆیە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیمان هەفتەی رابردوو پێداویستیی خوێندنی وەك جانتا و قەڵەم و دەفتەر و چەندین جۆری تری كەرەستەی خوێندن بەسەر قوتابیانی كەمپی باریكەدا دابەش بكەین كە 600 قوتابی تێیدا دەخوێنن".
گوتیشی، "ئەمڕۆیش قوتابخانەكەیەكی 12 پۆلی بۆ خوێندنی قۆناخی ئامادەیی لەسەر گوژمەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست كراوە كە بڕی 100 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی تێ چووە، هاوكات جگە لە دروستكردنی قوتابخانە، هەستاوین بە دابینكردنی جانتاو پەڕاو و پێداویستیی دیكەی خوێندن بۆ ئامادەیی جگەرخوێن لە كەمپی كەورگۆسك".

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
