هەولێر.. رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانی سەركۆنە دەكەن

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ رێپێوانێكیان بۆ بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر رێك خست و، تێیدا داوایان كرد بە هانای خەڵكی كۆبانیوە بچن كە ئێستا لەگەڵ داعشدا لە شەڕێكی قورسدان.
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان (عەدنان ئەنوەر بەگ)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ وەكو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كە نزیكەی دوو هەزار كەس دەبوون، رێپێوانێكیان بۆ بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ساز كرد، ئەمەیش بۆ سەركۆنەكردنی هێرشی داعش بۆ سەر خەڵكی كوبانێ و گوشارخستنەسەر لایەنی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هاوكاریی رۆژئاوای كوردستان بكرێت و هیچ كارەساتێكی مرۆیی ڕوو نەدات.
(عەدنان) گوتیشی، "لە میانەی رێپێوانەكەدا یادداشتێكمان پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و ئێستایش چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەین".
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی زیاتر گوتی، "ئێمە بە توندی ئەو هێرشانە بۆ سەر خەڵكی كوبانێ شەرمەزار دەكەین و پشتیوانیی خۆیشمان بۆ ئەوان دەردەبڕین، هەروەها داواكارین لایەنی نێودەوڵەتی بە زووترین كات هاوكارییان بكات، چونكە لە ئێستادا هەزاران دانیشتووی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون".
بڵند ئیبراهیم




