بۆ یەكەم جار ئافرەتێكی كورد بەشداری لە كۆبوونەوەی باڵی ئافرەتانی پارتییە سیاسییەكانی ئاسیادا كرد

سریلانكا-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانی شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆلۆمبۆی پایتەختی وڵاتی سریلانكا و بەشداریكردنیان لە كۆنفڕانسی پارتە سیاسییەكانی كیشوەری ئاسیا، بۆ یەكەم جار كادیرێكی ئافرەتی پارتی بەشداری لە كۆبوونەوەی باڵی ئافرەتانی پارتە سیاسییەكانی كیشوەری ئاسیادا كرد.
ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پ.د.ك (لیزا كاكەیی)، لە كۆبوونەوەی باڵی ئافرەتانی پارتییە سیاسییەكانی كیشوەری ئاسیادا، پەیامێكی بە ناوی ئافرەتانی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە خوێندەوە و سیاسەت و ستراتیژییەتی پارتی بۆ بەشداربووان روون كردەوە، پەیامەكەی (كاكەیی) كە تێیدا باسی هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان و ڕۆڵ و خەباتی ئافرەتان لەناو دامەزراوەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دامودەزگا حكوومییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی كرد، هەروەها تیشكی خستە سەر ڕێژەی بەرچاو و ڕۆڵی كاریگەری ئافرەتان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.
(لیزا) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، سەڕەڕای فاكتەرە نەرێنی و كاریگەرەكانی پیاوسالاری كە بە درێژایی مێژوو لە رێگەی داگیركەرانەوە بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی گوازراوەتەوە، كەچی تاوەكو ئەمڕۆ ئافرەتان توانیویانە لە ڕێگەی هەوڵ و كۆشش و بوێریی خۆیانەوە بەشدارییەكی بەرچاویان لە بوارە جۆراجۆرەكانی وەكو پەروەردە، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری هەبێت.
ئەو هەروەها باسی بەشداریی كارای ئافرەتانی لە چالاكییەكانی تایبەت بە كۆمەككردنی ئاوارە و لێقەوماوانی ڕووداوەكان ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانی كرد، كە چۆن ڕۆڵێكی كاریگەریان لە گەیاندنی هاوكاری بینیوە بە بێ هیچ جیاوازییەك بۆ لێقەوماوە كوردستانییەكان لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.
ئەوەی لەم كۆبوونەوەیەدا تێبینی كرا، لێكچوونی كێشە و گرفتەكانی ئافرەتانی وڵاتانی ئاسیا بوو، پەیامی هەموویشیان بریتی بوو لە پێویستیی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر و ڕۆڵی كاریگەرتری ئافرەتان لە بوارە جیا جیاكان، بە تایبەتی لە ناوەندەكانی بڕیارداندا.
سان دەرەقەیسەری




