٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی هەوڵی سڕینەوە و ریشەكێشكردنی داعش دەدات

سەرچاوە: KDP.info
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك (هێمن هەورامی).

سریلانكا-KDP.info-  ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پ.د.ك (هێمن هەورامی)، لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی پارتە سیاسییەكانی ئاسیادا ڕایگەیاند، داعش لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر جیهانی ئازاد و هەرێمی كوردستانیش بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی هەوڵی سڕینەوە و ریشەكێشكردنی تیرۆریستان دەدات. داوایشی لە پارتە بەشداربووەكانی كۆنفڕانسەكە كرد، پشتگیری لە هەنگاوەكانی گەلی كورد بكەن بۆ بەرەو مافی چارەی خۆنووسین.

لەسەر بانگێشتی فەرمیی كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی پارتییە سیاسییەكانی ئاسیا كە بە (ئای كاپ) ناسراوە، شاندێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك (هێمن هەورامی) و ئەندامەتیی هەر یەكە لە (عەبدولسەلام زێباری) و (لیزا فەلەكەددین)، بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ساڵانەی پارتەكانی ئاسیا گەییشنە كۆلۆمبۆی پایتەختی سریلانكا.

وەك دەستپێكێك و لە لایەن ستافی سەرپەرشتیاری كۆنفڕاسەوە پێشوازی لە بەشداربووان كرا، كە نوێنەری 53 پارتی سیاسیی وڵاتانی ئاسیا بەشدار بوون. لە میانەی مەراسیمەكەدا و لە چەندین دیدار و گفتوگۆدا، شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك دیداری كورتی لەگەڵ هەر یەكە لە نوێنەرانی ئەم پارتانە ئەنجام دا كە پێك هاتبوون لە: سەرۆك و سكرتێری گشتیی ئای كاپ، شاندی پارتیی كۆمۆنیستی چین، پارتیی ئەنجوومەنی ئەوامی بەنگلادیش، شاندی پارتیی موئتەلیفای كۆماری ئیسلامیی ئێران، پارتیی گەلی كەمبۆدیا، پارتیی دیموكراتی یابان، شاندی پەرلەمانتارانی رووسیا، شاندی پەرلەمانتارانی كۆریای باشوور، شاندی پەرلەمانتارانی ئەندەنووسیا و مالدیڤ و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی سریلانكا و ژمارەیەك كەسایەتیی میدییایی و فیكریی ئاسیا.

سەرۆكی شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان كورتەیەكی لە بارەی مێژوو و ئەو پێشكەوتنانەی ئێستای هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لەو پارتانەی سەرەوە خستە بەر باس و گفتوگۆ. لە رۆژی دووەمی كۆنفڕاسەكەدا، (هێمن هەورامی) بە پۆشاكی كوردییەوە گوتارێكی بە نوێنەرایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە خوێندەوە، سەرەتا سڵاوی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی پارتیی، بە پارتە بەشداربووەكان گەیاند و هەڵوێست و سیاسەتی پارتیی بۆ روون كردنەوە.
(هەورامی) هەروەها رۆشنایشی خستە سەر ئەو رێڕەوەی گەلی كوردی پێدا تێپەڕیوە، كە بۆ وەدەستهێنانی دیموكراسییەت و مافی گەلێكی ستەمدیدە دووچاری جینۆساید و ئەنفال و كیمیابارانی 5000 پەپوولەی هەڵەبجە بووەتەوە.
(هێمن هەورامی) لە پرۆفایلی كەسیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاندووە، "بەشداریكردنم بە پۆشاكی كوردی و رەمزی پێشمەرگایەتی، لەبەر رێز و گەورەیی پێشمەرگە قارەمانەكانە كە بوونەتە هەوێنی ئازادی و پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و كوردستاننشینان".
هەروەها ئەوەیشی روون كردووەتەوە كە، "دەبێت وشەی پێشمەرگە لە هەر كۆنفڕانس و كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا بكەینە وێردی سەر زارمان، بۆ ئەوەی بە ئەمەكەوە پەیامی گەلی كورد بگەیێنین".
هەر لە درێژەی قسەكانیدا (هەورامی) رایگەیاند، داعش لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر جیهانی ئازاد و هەرێمی كوردستانیش بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی هەوڵی سڕینەوە و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش دەدات. داوایشی لە پارتە بەشداربووەكانی كۆنفڕانسەكە كرد، پشتگیری لە هەنگاوەكانی گەلی كورد بكەن بۆ بەرەو مافی چارەی خۆنووسین و هانی حكوومەت و وڵاتاكانیان بدەن كە پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی و ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ گەلی كورددا ببەستن.
گوتیشی، "سەبارەت بەو ئاوارانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بارگرانییەكی زۆرە و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ هەر 136 كەسێك دەبێت یەك پەنابەر هەبێت، بەڵام لە باشووری كوردستان بۆ هەر 5 كەس ئاوارەیەك هەیە، ئەمەیش پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە".
(هەورامی) ئەوەیشی بۆ بەشداربووانی كۆنفڕانسەكە روون كردەوە كە دەبێت وەك دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك مامەڵە لەگەڵ داعشدا بكرێت. زۆربەی هەرە زۆری بەشداربووانی كۆنفڕانسەكەی ئای كاپ، هەرێمی كوردستانیان بە نموونەی سەقامگیری و سەركەوتن لە ناوچەكەدا وەسف كرد، هاوخەمی و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

سەنگەر هەورامی


 

هەواڵی پەیوەندیدار