٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیەدە: هەڵوێستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئیجابی و نەتەوەییە

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەڵوێستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر رۆژئاوای كوردستان، هەڵوێستێكی ئیجابی و نەتەوەییە و دەشیانەوێ لە ڕووی هاوكاریی مرۆیی و دابینكردنی چەك و گوشارخستنەسەر لایەنی نێودەوڵەتیی رۆژئاوای كوردستان پشتیوان بن.

نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ماوەی چەند رۆێكە شەڕێكی مەترسیدار لە كوبانێ دەستی پێ كردووە و داعش هەموو هێزی خۆی كۆ كردووەتەوە و شەڕی كۆبانیی پێ دەكات، تاوەكو ئێستایش چەندین گوندیان داگیر كردوون و گوندەكان وێران دەكەن و خەڵكەكەیش لە ترسی ژیانی خۆیان ئاوارە دەبن."
(غەریب) گوتیشی، "داعش لە پێنج قۆڵەوە هێرشێكی فراوانی بۆ سەر كۆبانی دەست پێ كردووە، بۆیە لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان پێویستی بە هاوكاریی باشووری كوردستان و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە."
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "هەڵوێستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر رۆژئاوای كوردستان، هەڵوێستێكی نەتەوەییە و هیوادارین لە ڕووی كردارییشەوە هاوكاریی مرۆیی و دابینكردنی چەك و گوشارخستنەسەر لایەنی نێودەوڵەتیی رۆژئاوای كوردستان بكرێت."

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار