تورکیا دەڵێ هاوکاریی ئاوارەکان دەکات و ڕێی داوە هەندێکیش بچنە نێو خاکی تورکیاوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێ، چۆن پێشتر دەرگاکانی تورکیا کراوە بوونە، ئەوا ئەمڕۆیش بەو جۆرە دەرگاکانی تورکیا بۆ ئاوارە سووریاییەکان(کوردانی ڕۆژئاوا) کراوەن. بەڵام گوتیشی لە ئێستادا هاوکاریی مرۆییان بۆ لە سنووری نێوان تورکیا سووریا ئامادە دەکەن و کەی پێویست بێ دەرگا بەڕوویاندا دەکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) دوای دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازەربایجان و کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەر دوو وڵات، لە وەڵامی پرساری رۆژنامەوانێك لەبارەی ئاوارە سووریاییەکانی سەر سنووری تورکیا گوتی: "داوام لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە ھەر جۆرە رێوەشوێنێکی پێویست بگرنە بەر.. داوام کردووە کە ھاوکاریی ئەو خوشک و برایانەمان بکەن کە بە دوای پەناگایەکی ئارامدا دەگەڕێن. وەکو یەکەم ھەنگاو مەبەستمان ئەوەیە کە ھاوکاریی مرۆیی بگەیەنینە ئەوانەی پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە دوێنێ ئێوارەوە پارێزگارەکان ئاگادار کرانەوە بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی راسپێردراون."
(داوودئۆغڵو) ههروهها گوتی: "ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لەسەر سنوور کۆ بوونەوە و نزیکەی چوار ھەزار ئاوارەی سووریایی لەسەر سنوورن و کاتێک ئەو ھەواڵەم بیست، پەیوەندیم بە جێگری سەرۆکوەزیران (نومان قورتڵموش)-ەوە کرد و فەرمانی پێویستم پێدا، ھەر چۆن تائێستا دەرگاکانی تورکیا کراوە بوونە ئەوا لەمەو بەدواوەیش دەرگاکانی تورکیا بۆ ئەو کەسانەی لە سووریا یا لە ھەر شوێنێکی دیکە لە ترسی مردن بە دوای پەگانایەکی ئارامدا دەگەڕێن کراوەن، بەبێ ھیچ جۆرە جیاوازییەکی ئایینی، ئەتنیکی. حاڵی حازر ھاتنی ئاوارە سووریاییەکان بۆ تورکیا دەستی پێ کردووە، بێگۆمان بە ھۆی خێرابوونی رووداوەکانەوە ھاوکارانیشمان بە پەلە ھەوڵ دەدەن خۆیان ئۆرگانیزە بکەن و ھەوڵ دەدەن بە پەلە لە شوێنێکی ئارامدا ئەو ئاوارانە نیشتهجێ بكهن و پێداویستییەکانیان دابین بکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ئاوارە سووریاییانەی کە بە ھۆی ھێرشەکان و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعشەوە روویان لە سنووری ناوچەی سوروچی سەر بە ئۆرفا کردووە، لە بەیانیی ئەمڕۆ گواسترانهوه نێو خاکی تورکیا.
هاوکات دەڵێ، لە نێوان ھەردوو ناوچەی گرێسپی كۆبانی شەڕی نێوان یەكینەكانی پاراستنی گەل و چەكدارانی داعش بەردەوامە.
ھێزە ئاسایشپارێزهكانی تورکیایش لە دهڤهری ئۆیلومی سەر بە ناوچەی سوروچ لە سەر سنوور بە ھۆی زۆرتر بوونی ژمارەی ئاوارەکان رێگایان بۆ ھاتنی ئاوارە سووریاییەکان بۆ نێو تورکیا کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دەنگی شەڕ و پێکدادانەکانی ناو سووریا، لە گوندی ئۆیلومی تورکیاوە دەبیسترێ.




