فراكسیۆنی پارتی، داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات.. داوا لە کوردستانیانیش دەکات بە یەکگرتوویی کۆبانی بپاریزن
هەولێر-KDP.INFO- فراكسیۆنی(پ،د،ك) لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای ڕیسواکردنیان، هێرش و پەلاماری گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ كۆبانێ، بە بەشێك لە پیلانی دوژمنكارانەی ئەو گرووپە تیرۆریستە بۆ سەر ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلی كوردستان ناو دەبات، داوایش لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت بەرەی فراوانی دژەتیرۆر، هەرچیی زووە بە هانای كۆبانێ و تەواوی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بێن، هاوکات داوایش لە لایەنە كوردستانییەكان دەكات زێتر ڕیزەكانیان یەك بخەن و بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی پەلامار و هەوڵەكانی ئەو گرووپە تیرۆریستە ببنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی فراكسیۆنی(پ،د،ك) دەربارەی هاوسۆزی بۆ ڕەوشی كۆبانێ و ئیدانەكردنی تیرۆریستان
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان... فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی هێرش و پەلامارە نامرۆڤانەییەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر كۆبانێ و دەورووبەری، هاوسۆزیی خۆیشمان دەردەبڕین بۆ خوشك و براكانمان كە ئێستا لە ڕەوشێكی خراپی ژیاندان و بۆ خۆپارێزییان لە كارە وەحشیگەرییەكانی ئەو گرووپە دژەمرۆڤایەتییە لەسەر زێدی خۆیان ئاوارە و پەڕاگەندە بوونە.
هێرش و پەلاماری گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ كۆبانێ، بەشێكە لە پیلانی دوژمنكارانەی ئەو گرووپە تیرۆریستە بۆ سەر ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلی كوردستان، هەر بۆیە داواكارین لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت بەرەی فراوانی دژەتیرۆر، هەرچیی زووە بە هانای كۆبانێ و تەواوی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بێن و پارێزگاری لەو خەڵكە ئازادیخوازە بكەن كە ساڵەهای ساڵە لەژێر جەور و ستەمی شۆڤێنیینەكان بوونە و قوربانیی زۆریان لەپێناو خواستە نەتەوەییەكانیاندا داوە. هەڵبەت داوایش لە لایەنە كوردستانییەكان دەكەین زێتر ڕیزەكانیان یەك بخەن و بە یەكگرتوویی باشتر و بە یەك ئیرادەیی گەلی كوردستان كە تاكە زامنی سەركەوتنە، ڕووبەڕووی پەلامار و هەوڵەكانی ئەو گرووپە تیرۆریستە ببنەوە و هەرچیی ناكۆكیی نێوانانیان هەیە بە لاوە بنێن و یەكڕیزیی گەل و خاكی كوردستان بكەنە دەستكەوتی سەركەوتن بەسەر هەوڵە دژەمرۆییەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش.
نەمری و سەربەرزی بۆ تەواوی شەهیدانی دەستی تیرۆر كە بە خوێن و گیانیان بوونەتە قەڵغانی پارێزگاریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان.
فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
19-9-2014




