هەزاران ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە چاوەڕوانی پەڕینەوەن بۆ تورکیا.. ئەورووپا پێوەندییەکانی لەگەڵ (ئەلپارتی) چڕ کردووەتەوە

هەولێر-KDP.info- نزیکەی هەزار کەس لە کوردانی سووریا کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، لە ترسی هەڕەشەی ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەمڕۆ هەینی ڕوویان لە نزیک سنووری تورکیا لە چاوەڕوانیی دەرگا بەڕوودا کردنەوەیانن.
ئەم ئاوارەبوونە بە کۆمەڵەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان پاش ئەو هەڵمەتە داگیرکارییەی ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش دێت بۆ سەر ناوچەگەلێکی ڕۆژئاوای شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی 21 گوند و گەمارۆدانی شارەکەیش.
هەر بەو هۆیەوە، پەیەدە، دوێنێ داوای لە لایەنە کوردستانییەکان بە دیاریکراوی، پارتیی دیموکراتی کوردستان، پەکەکە و یەکێتیی نیشتیمانی، هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بۆ بەرگرتن لە کارەساتی مرۆیی و پێشڕەویی زیاتری تیرۆریستانی داعش، باهانایانەوە بچن.
کوردانی ڕۆژئاوا کە لە دوێنێوە ڕوویان لە سنوورەکانی تورکیا کردووە، ئەگەرچی نزیکەی 3هەزار کەسێک دەبوون، بەڵام ئەم بەیانییە تەنیا نزیکەی هەزار کەسێکیان بە پێ لەو گوند بۆ ئەو گوندی نزیک سنوور ڕێ دەبڕن، بێ ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەرگای سنووریان بە ڕوودا بکاتەوە.
(خەلیل) کە تەمەنی 40 ساڵ دەبوو و لە بەری تورکیاوە لەسەر سنوور وەستابوو، بە ڕۆیتەرزی گوت، "شەو هەوا زۆر سارد بوو، بۆیە زۆرێک لەو ئاوارانە چوونەتەوە گوندەکانیان، بەڵام وا خەریکە بەرەو سنوور دێنەوە."
ئەو هێزە ئەمنییەی تورکەکان کە بە درێژایی سنوورەکە بۆ پاراستنی ئاساییشیان بڵاو بوونەتەوە، ڕێ دەدەن لە بەری سنووری خۆیانەوە بوتڵی ئاو و نان بدرێت بە ئەو ئاوارانەی لە چاوەڕوانی پەڕینەوەدان.
بەرپرسێکی ناوچەکە بە ناوی (حوسێن چوندوچدو) دەڵێ، "خەڵکی بە پێ و ەب ئۆتۆمێلەکانیشیانەوە بەرەو سنوور دێن، چاوەڕوان دەکرێ ژمارەیان بگاتە بە 3 تا 4هەزار کەس."
زیاتر گوتی، بەرپرسانی سەربازی و بەرپرسانی کۆمەکبەخش چوونەتە ناوچەکە و بە ئاوارە کوردەکانیان ڕاگەیاندووە، بە درێژایی ئەو سنوورە بەڵام لە دیوی سووریا بە لای کۆبانێوە، هاوکارییان پێشکەش دەکرێ.
لەوەتەی داعش دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی باکووری عێراقدا گرتووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا پیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان(ئەلپارتی)-دا چڕ کردووەتەوە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) کە باڵی سەربازیی پارتیی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)-یە و بە هێزێکی نزیک لە (پەکەکە) ناسراوە، دەڵێ، 50هەزار چەکداریان هەیە و پێویستە ببێتە لایەنێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکا بۆ بەرنگاربوونەوەی داعش سەرکردایەتی دەکات.
بەڵام، بە هۆی ئەو پێوەندییەی پەیەدە بە پەکەکەوە، پێوەندیی کوردانی سووریا بە ڕۆژئاواوە ئاڵۆزە، چونکە هێشتا بە لای ئەورووپاوە، پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێنرێت.
زریان زیاد




