پەرلەمانی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستان دەکات بە هانای کۆبانێوە بچن

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، بە زووترین کات بە هانای خەڵکی کۆبانێەوە بچن و رێگریی بکەن لە دووبارەبوونەوەی تاوانێکی دیکەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ڕۆژئاوا. هاوکات بە پێویستی دەزانێت لایەنە پەیوەندارەکان و هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای جیاوازی و هەبوونی کیشەی دارایی کە ماوەی چەند مانگێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هاوکاریی کوردانی خۆرئاوا بکەن و بە گیانی نەتەوەیی و مرۆییەوە دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن.
دەقی ڕاگەیەنراوی لە پەرلەمانی کوردستانەوە سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان
چەند رۆژێکە رێکخراوە تیرۆریستەکان پەلامارێکی دڕندانەیانەیان بە چەکی قورس بۆ سەر شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردووە، بەو هۆیەشەوە سەدان منداڵ و ژن و خەڵکانی سڤیل بوونەتە قوربانی و دانیشتوانەکەیشی ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە.
لە ئێستادا کوردانی ڕۆژئاوا، لەبەردەم هێرشی دڕندانەی داعشدان و لە ڕابردوویشدا دەسەڵاتدارانی بەعسی سووریا ئینکارییان لە بوون و ناسنامەی کورد دەکرد و بە هاووڵاتی پلەدووی ئەژمار دەکردن.
پەرلەمانی کوردستان روو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، بەپێی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی جەددە و کۆنگرەی پاریس، بە ئەرکەکانی سەرشانیان هەستن و بە زووترین کات بە هانای خەڵکی کۆبانێەوە بچن و رێگریی بکەن لە دووبارەبوونەوەی تاوانێکی دیکەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ڕۆژئاوا.
لە هەمانکاتیشدا داوا لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە هانای خەڵکی سڤیل و لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بچن، لەو نەهامەتییە ڕزگاریان بکەن کە رووبەڕوویان بووەتەوە.
لە ئاستی ناوخۆیشدا پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنە پەیوەندارەکان و هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرەڕای جیاوازی و هەبوونی کیشەی دارایی کە ماوەی چەند مانگێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هاوکاریی کوردانی خۆرئاوا بکەن و بە گیانی نەتەوەیی و مرۆییەوە دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن.
پەرلەمانی کوردستان
19-9-2014




