سەرۆک بارزانی: بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ لە سەرووی هەموو ئەركێكی دیكەوەیە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی)، داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكات هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکات دەڵێ، بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.
دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كۆبانێ
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەشێكە لە ئەو نەفیرعام و دوژمنكارییەی تیرۆریستان لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدەن. وەحشیگەری و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان، هەڕەشەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان و شەرەف و كەرامەت و مان و نەمانی گەلەكەمانی كردۆتە ئامانج.
داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.
داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكەم بە زووترین كات هەموو ڕێوشوێنێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان. چونكە تیرۆریستانی داعش لە هەر شوێنێك بن دەست لە تاوان و كارەسات ناپارێزن و دەبێ لە هەر شوێنێك بێت لێیان بدرێت و تێكبشكێندرێن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی ئەیلوولی 2014




