سکۆتلاند بڕیاری دا لەگەڵ بەریتانیادا بمێنێتەوە

ئەدەنبەرە-KDP.info- سکۆتلانداییەکان، بە ڕەتکردنەوەی سەربەخۆیی بە سەرکەوتنی دەنگی پشتیوانانی مانەوە لە نێو یەکیەتیی بەریتانیاییەکان بەسەر پشتیوانانی سەربەخۆییدا، بڕیاریان دا لە نێو یەکیەتیی بەریتانیاییەکاندا بمێننەوە.
بەپێی ئەنجامە نیمچە کۆتاییەکاییەکە پاش جیاکردنەوەی 31 بازنەی هەڵبژاردن لە کۆی 32 بازنەدا، بە ڕوونی دەرکەوت کە دەنگەکانی نا بۆ جیابوونەوە 1914187 و دەنگەکانی بەڵێیش 1539920-ن.
هێشتا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە، بەڵام ئەو دەنگانەی کە ماونەتەوە، کاریگەرییان بەسەر ئەنجامی کۆتایی ڕاپرسییەکەوە نابێ.
سەکردەی ڕەوتی سەربەخۆییی سکۆتلاندییەکان(ئەلێکس سامۆند)، پاش دۆڕاندنی لێدوانی دا و تێیدا سوپاسی لایەنگرانی سەربەخۆیی کرد، هاوکات داوای یەکیەتیی کرد.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا(دەیڤد کامیرۆن)-یش پێشوازی لە ئەنجامی ڕاپرسییەکە کرد و گوتی، لانی بۆ ماوەی وەچەیەکی دی بابەتی سەربەخۆیی یەلا بووەتەوە.
(کامیرۆن) هاوکات پابەندبوونی بەو بەڵێنانەی کە بە سۆکتلانداییەکانی دابوون لە بەرجەستەکردنی دەستەڵاتێکی فراوان کە پیوەندی بە باج و بەخشین و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، دووپات کردنەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، جەماوەری سکۆتلان، وێلز و ئیرلەندای باکوور، دەبێ کاریگەریی زیاتریان بەسەر کاروباری زیان و داهاتوویانەوە هەبێ.
ڕاپرسییەکەی سکۆتلاند بەشداریێکی زۆر و گەورەی بەخۆیەوە بینی و کەسانی تەمەن 16 ساڵیش توانییان بڕیار بدەن کە ئەمە لە مێژووی بەریتانیادا وێنەی نەبووە.
زریان زیاد




