٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی، بڕیاری وڵاتی چینی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) بڕیاری وڵاتی چینی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و لە دیداریدا لەگەڵ کۆنسووڵی نوێی ئەو وڵاتە، دەربارەی هەڕەشەی تیرۆر ڕایگەیاند، "سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستاندا ئەو وێنە ئەفسانەییەی شكاند كە داعش بۆ خۆی وێنای كردبوو."
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری دهۆك سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە كۆنسووڵی وڵاتی چین لە هەولێر(تان بانگلین) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كۆنسووڵی چین لە هەولێر سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی و دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كۆنسووڵی وڵاتی چین لە شاری هەولێر بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند.
كۆنسووڵی چین ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم هەنگاوە دەستپێكێكە بۆ كردنەوەی پەیوەندییەكی فەرمی و ڕاستەوخۆ لەنێوان چین و كوردستان و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو لا گەشەی پێ بدرێت هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئاسۆی پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان زۆر ڕوونە و بواری كاری هاوبەشی نیوان كوردستان و چین فراوانە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كۆنسووڵی چین لە هەولێر ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی مرۆیی و ناردنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و، ئاماژەیشی دا، كە وڵاتەكەی  لایەنگری هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییشی جیهانی. لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریش كۆنسوڵی چین ئەوەی باس كرد كە تیرۆر هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی لە كۆنسووڵی چین لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بۆ كردنەوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتی چین و كوردستان لە ئاستی فەرمی و دیپلۆماسیدا و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوولا و ناوچەكە بكات.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا، "سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستاندا ئەو وێنە ئەفسانەییەی شكاند كە داعش بۆ خۆی وێنای كردبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا هەڕەشەی تیرۆریستان هەر ماوە و پێویستە لەناو ببردرێن و ئەو لەناوبردنەیش هەوڵێكی هەمەلایەنەی جیهانیی دەوێ و وڵاتی چینیش بە حوكمی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی دەتوانێ ڕۆڵێكی كارا لەمبارەیەوە بگێڕێت."
تاوتووكردنی بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان، تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و (سەرۆك بارزانی) بڕیاری وڵاتی چینی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.

هەواڵی پەیوەندیدار