پێشمەرگە دوو گوندی دیكەی لە چەكدارانی داعش پاك كردنەوە.. بەرپرسی ڕفاندن لە ناو چەكدارانی داعش کوژرا

خازر-KDP.info- ئەمڕۆ لە میحوەری خازر، هێزەكانی پێشمەرگە بۆ جارێكی دیكە پێشڕەوییان كرد و دوو گوندی دیكەیان لە چەكدارانی تیرۆریستی داعش پاك كردنەوە. لە ناو مووسڵیش گەورەبەرپرسێكی داعش كوژرا و داعشیش چەند كەسیكین بەرەو شوێنێكی نادیار ڕفاندوون .
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەمموزینی) بەKDP.INFO-ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنچشەممە لە میحوەری خازر، هێزەكانی پێشمەرگە لە پێشڕەویییاندا توانییان هەردوو گوندی تەل ئەسوەد و گوندی چەمەكۆر لە چەكدارانی تیرۆریستی داعش پاك بكەنەوە."
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسل گوتیشی: "چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رۆژانە زیانی گەورەیان لێ دەدرێت و خۆیان لە پێش گورزی کوشندەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ناگرن، هەمیشە لە هەڵاتن و تەنانەت بەوە ڕاناگەن كوژراو و بریندارەکانیشیان ببەن و لە پاش خۆیان جێیان دەهێڵن."
دەربارەی ڕەوشی مووسڵیش (مەمموزینی) گوتی: "هەر ئەمڕۆ لە ناو شاری مووسڵ و لە گەڕەكی عەرەبی، بەرپرسی ڕفاندن لە ناو چەكدارانی داعش بە ناوی (سعوود موحسین) لەلایەن گرووپی (سەرایا ئەلریماح)-وە کوژراوە، چەكدارانی تیرۆریستی داعشیش 22 كەسیان لە ناو شاری مووسڵ بەرەو شوێنێكی نادیار ڕفاندوون."
نەشوان بەرزنجی




