٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیەدە داوای هاوکاری لە پارتی، پەکەکە و یەکێتی دەکات.. کۆبانی دەورە دراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ئەو گوندانەی کە داعش لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەستی بەسەردا گرتوون ژمارەیان گەییشتە 21 گوند کە دەکەونە ڕۆژئاوای شاری کۆبانیی نزیک سنووری تورکیا، کە ئێستا دەورە دراوە و مەترسیی ئەوەی هەیە داگیر بکریت. یەپەگەیش بە ناوی کوردانی ڕۆژئاواوە داوای پشتیوانیی سەربازی لە پارتی و پەکەکە و یەکێتی دەکات.
لە کاتێکدا کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەوڵی بەرفراوانکردنی ئەو هەڵمەتە سەربازییەیدایە کە دژ بە داعش لە عێراق بەرپای کردووە، ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، لانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر ئەو ناوچانەوە بینراوە کە لە بن دەست دەعشدان لە پاریزگای حەلەبی سووریا.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا هاوکات گوتی، لە ناوچە کوردییەکانی نزیک سنووری تورکیا، چەکدارانی داعش، بە هۆی ئەو چەکە قورس و تانکانەی کە لەبەردەستیان دان پێشڕەوییان کردووە و ژمارەیەک گوندی ڕۆژئاوای شاری کۆبانییان داگیر کردوون.
زیاتر گوتی، "21 گوند بە دەست چەکدارانی داعش شکستیان بردووە و بە تەواوی داگیر کراون و بەرەو شاریش لە پێشڕەویدان."
جێگری بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی یەپەگەی سەر بە پەیەدە(ئۆجەلان ئەیسۆ) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "پیوەندی بە زۆرێک لە هاووڵاتیانەوە پچڕاوە کە لەو گوندانەن کە داعش دەستی بەسەردا گرتوون."
زیاتر گوتی، داعش تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە و ژنانی ئەو ناوچانە دەڕفێنێ کە بەم دواییە دەستی بەسەردا گرتوون. بەڵام ڕۆیتەر دەڵێ کە هیشتا نەیتوانیوە ئەو زانیاریانەی ئەو سەرکردە کوردە پشتڕاست بکاتەوە.
(ئەیسۆ) گوتیشی کوردان داوا دەکەن "پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی بە هانایانەوە بچن و لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانییان بکەن."
بە گوتەی (ڕامی عەبدوڕەحمان)-ی بەرپرسی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤی سووریا، "ترس هەیە لەوەی داعش تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات و ئافرەتانی ناوچەکە بڕفێنێت"، زیاتر گوتی، "ئەم پێشرەوییە مەترسیێکی گەورەی ناوەتەوە لە گەمارۆدانی شاری کۆبانی و ئەگەر پێشڕەویی داعش بەردەوام بێ، کۆبانی داگیر دەکەن."
گوتەبێژ بە ناوی یەپەگەیشەوە ڕایگەیاندووە کە، کۆبانی دەورە دراوە. ئەو دەڵێ، داعش تانک و مووشەک و تۆپ لە هێرشەکانیدا بە کار دەهێنێت. هاوکات داوا لە هێزەکانی دنیا دەکات بۆ بەرگرتن بە پێشڕەویی زیاتری داعش، باهانایانەوە بچن.
کۆبانی یان کۆبانێ (بە عەرەبی دەوڵەتی: عین العرب (کانی عەرەبان) باژێرێکی کوردنشینە لە رۆژئاوای کوردستان لە دیوی چەپی ئاوی فورات، لە سەر تخووبی نێوان سوریا-تورکیا، ھاوسێی شارو دەشتی فرەوانی (سرووج)ـی ئورفایە. لە رووی ئیداریەوە ناحیەکە سەر بە پارێزگای حەلەبە و سەد وپەنجا کیلۆمەتر لێی دوورە. گوزەرانی زۆرینەی خەلکی کۆبانێ لە سەر چاندن و کشتکاریە. دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی سەرجەمیان کوردن. کەمینەیەکی عەرەبیش ھەن. پێشتر چەند ماڵە ئەرمەنی لێ بوو کە دواتر بەرەو حەلەب و ئەرمەنستان کۆچان. پێکھاتەی کوردان پێکھاتەیەکی عەشایەری وەرزێرییە بریتییە لە دوو ھۆزی گەورە: "بەرازی" و "کێتکان" کە بۆ چەندان ھۆز و تیرەی بچووکتر دابەش دەبن.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار