بەم زووانە كۆنسووڵگەریی گشتیی هەنگاریا لە هەولێر دەكرێتەوە

هەولێر-kdp.info- كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا لە هەرێم، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەم زووانە كۆنسووڵگەریی گشتی لە هەولێری پایتەخت دەكاتەوە.
پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا لە هەولێری پایتەخت (چایا ڤیسكینی) كرد.
لە دیدارێكدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا، هەموو پشتگیری و ئامادەییەكی بۆ هەماهەنگیی تەواو لە پێناو برەودانی پتر بە پەیوەندیی دۆستایەتی و هاریكاریی نێوان هەردوولا و هەروەها كار و بەرنامە هاوبەشەكانیان بۆ خزمەتی پەیامی دۆستایەتی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەكتر، خستە ڕوو.
كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریایش لە هەرێم ڕایگەیاند كە، وڵاتەكەی بەم زووانە كۆنسووڵگەریی گشتی لە هەولێری پایتەخت دەكاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە و بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی هاتوچۆی هەولێر و كار و بەرنامە تازەكانی رێكخستنی رەوشەكە و چارەكردنی كەموكوڕییەكان، پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) بە یاوەریی قایمقامی ناوەندیی هەولێر (نیهاد لەتیف) بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێری بەسەر كردەوە.
لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر (عەمید هێرش ئەحمەد) و ئەفسەرانی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەكە، پارێزگاری هەولێر وێڕای ستاییشكردنی هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی هاتوچۆ بۆ كار و خزمەتكردنی پتر، جەختی لە هەماهەنگیی پتر لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەكانی وەكو ئەندازەی هاتوچۆ و شارەوانییەكان و رێگەوبان و زانكۆ و پەیمانگەكان و شارەزایان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردەوە بۆ باشتر رێكخستنی پرۆسەی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و پێڕۆكردنی بنەماكانی هاتوچۆی سەلامەت و پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ كە بۆ خزمەتی گشتی دانراون.
كەنعان بەهادین




