٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لقی دوو 15 تۆن خواردەمەنیی پێشكەش بە پەنابەرانی شارۆچكەی عەنكاوە كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە بەسەركردنەوەیەكی مەیدانیی پەنابەراندا لە عەنكاوەدا، هاوكاریی لق و لیژنەی ناوچەی منارە كە زیاتر لە (15) تۆن خواردەمەنیی هەمەجۆری لەخۆ گرتبوو، رادەستی سەرپەرشتیاری كەمپی پەنابەرانی شارۆچكەی عەنكاوە كرد.

بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی پەنابەران و پێشكەشكردنی هاوكاریی و دابینكردنی پێداویستییەكانی پەنابەرانی شارۆچكەی عەنكاوە، ئەمڕۆ بەرپرسی لقی دوو (عەلی حوسێن) بە یاوەریی كارگێڕانی لق و بەرپرسی ناوچەی عەنكاوە و منارە، سەردانی ناحیەی عەنكاوەی كرد و لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەكە و مەترانی مووسڵ و قەشەی عەنكاوەوە پێشوازی كرا.

لە دیدارێكدا باس لە رەوشی پەناپەران لە هەرێمی كوردستان و پەنابەرانی شارۆچكەی عەنكاوە و چۆنیەتیی پێشكەشكردنی خزمەت و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ تەواوی ئاوارە و پەنابەران بە بێ جیاوازی بۆ پێكهاتەكان كرا، پاشان بەرپرسی لقی دوو بە یاوەریی بەڕێوەبەری ناحیە و مەترانی مووسڵ و قەشەی عەنكاوە، سەردانێكی مەیدانیی بۆ نێو پەنابەران كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ژیان و گوزەرانی پەنابەران بوو.
لەم بەسەركردنەوەیەدا بەرپرسی لقی دوو هاوكاریی لقی دوو و لیژنەی ناوچەی منارە كە زیاتر لە (15) تۆن خواردەمەنیی هەمەجۆری لە خۆ گرتبوو، رادەستی سەرپەرشتیاری كەمپی پەنابەرانی شارۆچكەی عەنكاوە كرد و ئاماژەیشی دا كە پارتیی دیموكراتی كوردستان بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندارەكان، هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو زیاتر خزمەتگەیاندن بە پەنابەران و تەواوی ئەو خەڵكانەی لە ترسی هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعش ناوچەكانی خۆیانیان جێ هیشتووە.
بەرپرسی لقی دوو تەئكیدی كردەوە كە پەنابەران لە ماڵی خۆیانن لە هەولێر و هەموو هەوڵەكانیش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سەرۆكی هەرێم چڕ بوونەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەموو ئەو ناوچانەی تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ و دەوروبەری داگیری كردوون، كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە و زۆربەی ئەو خێزانانەیش بگەڕێنەوە نێو ماڵەكانیان.
لە بەرانبەر هەموو ئەو هاوكاریانەی پێشكەشیان دەكرێت، هەریەك لە بەڕێوەبەری ناحیە و مەترانی مووسڵ و قەشەی عەنكاوە، ستاییشی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار