٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: پێشوەچوونی باش لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ گۆڕاندا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی هەولێر لە هیی سلێمانیدا جیاوازە، چونكە لە هەولێر حكوومەتی خۆجێیی بە شێوەی یاسایی پێك هاتووە و هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام ئەوەی سلێمانی گرێیەك هەیە بۆ پێكنەهێنانی حكوومەت. جەختیش دەكاتەوە كە، گفتۆگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا بەردەوامە بۆ بەشداریكردنیان لە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر و پێشوەچوونی باشیشی بە خۆیەوە بینیوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (دڵشاد شەهاب) بە kdp.info-ی راگەیاند، "كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، درێژەی ئەو كۆبوونەوانە بوو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی هەولێر ساز دەدرێن و پارتیی دیموكراتی كوردستانیش هەر لە سەرەتاوە باسمان لەوە كردووە كە حكوومەتی پێكهاتوو یاساییە و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەیشی هەڵبژێردراون، بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە بەشداربوونی لایەنەكان لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی حكوومەتی خۆجێیی لەسەر ئاستی پارێزگاكاندا پێویستە، پارتییش دەستپێشخەریی كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكاندا دانیشتن ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی شێوازێكی گونجاو بۆ بەشداریپێكردنیان لە حكوومەتدا دابنرێت."
(دڵشاد شەهاب) گوتیشی، "تاوەكو ئێستا چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دراون و دواكۆبوونەوەیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كراوە كە بەرەوپێشچوونێكی باش لە گفتوگۆكاندا هەبووە و بە ڕای من لە دوای قۆناخی دووئیدارەیی، ئەمە یەكەم جارە لە سنووری پارێزگاكاندا باس لە بەشداریكردنی هەمەلایەنە دەكرێت."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەمە وەكو پرسی حكوومەت نییە كە 19وەزارەت هەیە و لە میانەی گفتوگۆكاندا دابەش دەكرێن، بەڵكە ئەمە دامودەزگاكانی بەڕێوەبردنن لەسەر ئاستی پارێزگاكان و زیاتر خزمەتگوزارین نەك سیاسی، بۆیە زۆرترین ڕوونكردنەوە و لەیەكگەیشتنی پێویستە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "چوارچێوەی ئێمە بۆ ئەو پرسە ئەوەیە، هەر هەنگاوێك لەسەری رێك كەوتین، دەبێ ببێتە هۆی باشتركردنی رەوشی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری نەك دابەشبوونی سیاسی كە لە داهاتوودا خەڵكی هەولێر هەستی پێ بكەن، بۆیە ئەم تیڕوانینە بە تایبەتی لە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕاندا، لەسەری هاوڕا بووین."
(دڵشاد شەهاب) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لەسەر شێوازی بەشداریكردن كە ئایا لە چ ئاست و چ پۆستێكدا بەشداری دەكەن، گفتوگۆكان بەردەوامن و لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەی دیكە دەكرێن تاوەكو لەسەریان بگەنە رێككەوتن.
هاوكات گوتیشی، "ئێمە لەسەر بنەماكانی بەشداربوون و لەسەر چۆنیەتیی كاری ئەنجوومەن و كاراكردنی رۆڵی چاودێری و پلاندانان لە ئەنجوومەنی پارێزگا هاوڕاین و لەسەر پۆستەكانیش گفتوگۆ هەیە و رەنگە بگەینە رێككەوتن، چونكە لە یەكدی نزیكین."
(دڵشاد) راشیگەیاند، "ئەو گفتوگۆیانەی لە هەولێر دەكرێن، هیچ پەیوەندییەكیان بە دۆخی سلێمانییەوە نییە و كۆبوونەوەكان بەردەوامن و هەر جاریش هەنگاوێك چووینەتە پێش و هیچ كات باسمان لە سلێمانی نەكردووە، چونكە دۆخی هەولێر لەگەڵ سلێمانیدا جیاوازیی هەیە، لەبەر ئەوەی لە سلێمانی گرێیەك هەیە بۆ پێكنەهێنانی حكوومەت، بەڵام لە هەولێر حكوومەت پێك هاتووە و هیچ كێشەیەك نییە، ئەوەی كە هەیە پێشنیازی پارتییە بۆ ئەوەی پێكەوە بەشدار بین."
لە كۆتایی لێدوانەكەیشیدا ئاماژەی دا، "گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەردەوامە، لەگەڵ هیچ لایەنێكیش نەگەییشتووینەتە بنبەست و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن."

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار