مەحموود محەممەد: تا ئەو سێ مانگە عێراق بەڵێنەكان جێبەجێ نەكات، وەڵامی دیكەمان دەبێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "بیركردنەوەی داعش دژی مرۆڤایەتییە و وڵاتانی دنیای گەیاندە ئەو باوەڕەی كە ئەم ڕێكخراوە هیی ئەم سەردەمە نییە و دەبێت بەرەوڕووی ببنەوە"، دەشڵێت، "كورد بە مەرج بەشداریی لە حكوومەتی بەغدادا كردووە و ماوەی سێ مانگیش بۆ زانینی میسداقییەتی ئەم حكوومەتە دیاری كراوە، بۆیە ئەگەر داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكەن، وەڵام و بژاردەی دیكەمان دەبێت."
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەحموود محەممەد) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "كردەوە دڕندەكانی داعش لە دژی بیروڕای جودا و ئایینە جیاوازەكان و بە تایبەتیش ئافرەتان بەڕێوە دەچێت، ئەمانە وڵاتانی دونیایان گەیاندە ئەو بڕوایەی كە ئەم ڕێكخراوە هیی ئەم سەردەمە نییە و لە هیچ شوێنێكیش ڕاناوەستێت، بۆیە دەبێت بەرەنگاری ببنەوە."
گوتیشی، "بەوپێیەی هەرێمی كوردستان پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و ڕاگرتنی باڵانسی هێز بووە لە ناوچەكەدا، ئەمە وای كرد شێواز و بیركردنەوەی وڵاتەكانیش لە قازانجی كوردستان گۆڕانی بنچینەیی بەسەردا هات، كە سەرباری ئەمەریكا و ئەورووپا، ئێرانیش ڕاستەوخۆ دەستی بە هاوكاریكردنی كوردستان كرد و بەمەیش قۆناخێكی نوێ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دەستی پێ كرد."
لەبارەی چۆنیەتیی بەشداریی كورد لە كابینەكەی (حەیدەر عەبادی)ـدا، (مەحموود محەممەد) بڕوای وایە، "لە دوای لێكدانەوەی هەموو بەرژەوەندییەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەمەڕ دۆخی عێراق، كورد گەییشتە ئەو باوەڕەی كە كابینەی (عەبادی) پێك بێت، بۆ ئەم مەبەستەیش بەپێی مەرجەكان بەشداری لە حكوومەتی بەغدادا دەكەین و ماوەی سێ مانگیش دیاری كراوە بۆ زانینی میسداقییەتی ئەم حكوومەتە نوێیە، ئەگەرنا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكەن، ئەو كاتە وەڵامی دیكەمان دەبێت."
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، لەبارەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە دەڵێت، "سیاسەتی نەوت و ئەو هەنگاوەی بۆ خۆماڵیكردنی نەوتی كوردستان نراوە، ڕاست و دروست بوو و لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبین، چونكە كوردستان كەوتووەتە سەر نەخشەی وزەی جیهان. توركیایش لەم ڕێككەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوونی، پەشیمان نەبووەتەوە سەرەڕای هەبوونی گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەری، پێشبینییش دەكەین لەگەڵ گۆڕانی پێكهاتەی حكوومەتی عێراقدا بتوانرێت چاكتر چارەی كێشەكانی وەكو یاسای نەوت و گاز و پێشمەرگە بكرێت كە ئەمە یەكێكە لە داواكارییەكانمان، چونكە ڕێوشوێن بۆ ئەم پرسە دانراوە و ئێمەیش شتێكی نادەستووریمان ئەنجام نەداوە."
بەکر و كارزان هەورامی




