ئەمیری داعش لە تەلەعفەر بەرەو سووریا هەڵات.. لە ناوەڕاستی مووسڵیش بەكۆمەڵ هەڵدێن

تەلەعفەر-kdp.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی مووسڵ دەڵێت، ئەمیری داعش لە تەلەعفەر بەرەو سووریا هەڵاتووە و لە ناوەڕاستی مووسڵیش بەكۆمەڵ هەڵدێن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی مووسڵ (شێخ عەبدولمەجید ئەلحەداد) بە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاند، ئەمیری داعش لە شارۆچكەی تەلەعفەر (فوئاد جومەیلی) كە تەمەنی 46 ساڵە، بەرەو سووریا هەڵاتووە و چووەتە شاری حەسەكە لەو وڵاتە.
(شێخ عەبدولمەجید) گوتیشی، داعش لە ناوەڕاستی مووسڵ بەكۆمەڵ هەڵدێن، چونكە لەلایەن خەڵكەوە دژایەتییان دەكرێت، لەبەر ئەوەی بۆیان ئاشكرا بووە كە تیرۆریستان كردەوەی خراپ ئەنجام دەدەن و بوونەتە هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵك.
بڵند ئیبراهیم




