٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.کەماڵ کەرکووکی: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان هاوکار و پشتوان بن و لە بڕیاری سەربەخۆیی سڵ نەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی سکۆتلەندییەکان بژاردەی سەربەخۆیی بێت، پیرۆزباییان لێ دەکەین و ئەمە شتێکی زۆر پیرۆزە". دەشڵێت، "ئێمەی کوردیش دوو جار لە عێراق جینۆساید کراوین، بۆیە مافی خۆمانە بە هەمو توانامان کار بکەیین بۆ  سەربەخۆیی  و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش لە بڕیاری سەربەخۆیی هاوکارو و پشتوان بن وسڵ نەکەنەوە.".

ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی  پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. کەمال کەرکووکی) بۆ KDP.info گوتی، "سکۆتلەندا بەو شێوەی بۆیان گونجاو بێت، هەر نەتەوەیەک لە هەر شوێنێکی دنیا لەسەر خاکی خۆی، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، وەکو گەلی کوردستانیش لە خاکی خۆماندا مافی خۆمانە لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، هەروەکو چۆن سکۆتلەندایش مافی خۆیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، دەرئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی کە بە دەستی دەهێنن، ئێمە پیرۆزباییان لێ دەکەین و ئەمە شتێکی زۆر باش و پیرۆزە و پرۆسەی دیموکراتی لە دنیادا بگاتە ئەو ئاستەی ڕێگە بدرێت نەتەوەکان لەسەر خاکی خۆیان بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن بە بێ توندو تیژیی،ئەوجا نتجەی هەرچۆنێک بێت  بڕیاری زۆریینەی ئەو گەلەیە،جێگای ڕێزە، چونکە ئەو مافە لە دۆکیومێنتی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسایی نێودەوڵەتییشدا جێگەی کراوەتەوەو وەکو ماف بۆ گەلان دانی پێدانراوە."

(کەرکووکی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو کە، "لە پەرلەمانی کوردستانیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێکارێکی یاسایی ئامادە بکرێت تا ڕیفراندۆم بکەین و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین هەروەک ئەوەی ئێستای سکۆتلەندا."

گوتیشی، "بەرپرسان و لایەنە سیاسیەکان ڕۆڵەکانی گەلەکەمان وخەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە هەوڵدا بیین بۆ ئەوەی گەلانی دنیا ئاگادار بکرێنەوە، کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی و کەس خێرمان پێ ناکات سەربەخۆ بین، لە هەر کوێیەکی دنیا گەلان مافی خۆیانە بڕیاریبدەن کە بە چ شێوەیەک فەرمان رەوای بکرێن. هەرێمی کوردستانیش بە زۆر و بەغەدر ، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە لکێنرایە عێراقەوە، ئێمە لەناو ئەو عێراقە و لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، تووشی  کیمیاباران و ئەنفال بووین، جینۆساید کراین، دوای ڕووخانی ڕژێم بە زۆر سیستەمی فیدراڵی هاتە ئاراوە و لەوێیش کورد پەراوێز خرا و، کێشەی بۆ دروست کرا و ئێستایش جارێکی تر تووشی جینۆساید بووین لە شنگال."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت، "ئێمە وەک گەلی کوردستان خاوەنی مافی خۆمانین و مافەکانیشمان یاسایین و لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهاندا باسیان کراوە، ئێمە گەلێکین لەناو وڵاتێکدا دوو جار تووشی جینۆساید بووین، بۆیە شەرمە وەک گەلی کورد جارێکی دیکە لەناو ئەو وڵاتەدا بین و دەبێت چاو لە گەلانی دنیا بکەین و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین هیچ شتێکی سەر ئەم گۆی زەوییە نەگۆریینەوە بە ئازادی تەواو و بە سەربەخۆیی."

بە گوتەی (کەرکووکی)، "پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە بڕیاردان لە سەربەخۆی پشتوان و هاوکار بن، کە ئەگەر ئەوە بکەین چیمان بەسەر دێت؟! چونکە ئەگەر ئێمە بە دڵسۆزی کار بکەین و دەوڵەتمان هەبێت، هەموو شت لە دەست خۆماندا دەبێت و قەدرمان لە جیهاندا بەبێ سنوور زیاتر لە ئێستا دەبێت، ئەوەتا سکۆتلەندا ژیانی لە کوردستانیش خۆشترە، بەڵام بیر لە سەربەخۆیی دەکەنەوە دەیانەوێت  خۆیان بڕیار لە چارە نووسی خۆیان بدەن."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئاماژەیشی دا، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە سکۆتلەندا چی دەڵێت و چیی بە گرینگ و پیرۆز دەزانن، پیرۆزباییان لێ دەکەین و رێز لە بڕیاریان دەگرین."

ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە، "ئێمە وەک پارتی پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم ئەو ناوچانەی بەریتانیا و وێڵز و سکۆتلەندا شوێنەکانی تری ناو بەریتانیا هەبووەو هەیە و ئێستایش حوکمی شمولی لە جیهاندا مۆدیلی نەماوە و هەموو گەلانی دنیا لە بژاردەی مافی چارەنووسدا ئازادن."

 

بەکر و کارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار