هێزەکانی عێراق، لە سێ لاوە هێرشیان بۆ سەر داعش بەرپا کرد

هەولێر-KDP.info- سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق دەڵێن، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەگەڵیک، هێزەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە هەڵمەتێکی چڕیان لە سێ شار بۆ سەر چەکدارانی تیرۆریستی داعش بەرپا کردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ڕوونیان کردەوە، بەر لە ڕۆژهەڵات، هێرش بۆ سەر ڕومادی، فەللوجە و حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار، بەرپا کراوە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2013 و بە هۆی بڵاوەپێکردنی هێز لە لایەن سەرۆکوەزیرانی پێشوو (نووری مالیکی)-یەوە لەو شارانە، هۆزە عەرەبەکان وروژان و ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە و تا گەییشتە مانگرتنی سەرتاسەری لەو پارێزگایە، بە هۆیەوە، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی خۆیان خزاندە نێویانەوە و بوون بە هێزێک و ماوەی چەند مانگێک شەڕیان لەگەڵ حکوومەتدا کرد.
سەرۆکوەزیارنی نوێیش(حەیدەر عەبادی) هەفتەی ڕابرد بەڵێنی دا، وەشاندنی گورز لەو شارانەی نێوەراستی عێراق ڕابگرێت، کە هاووڵاتیانی مەدەنی بە هۆیەوە دەکوژران.
سەرچاوەکان هەروەها دەڵین، هۆزە عەرەبەکانی هاوپەیمانی حکوومەتیش لە ڕومادی بەرەنگاری چەکدارە توندڕۆکان بوونەتەوە کە بە هۆیەوە هەشت کەس کوژراون.
لە فەللوجەیش بۆردوومانێکی چڕی تۆپخانەکان و هیی فڕۆکە شەڕکەرەکانیش بەرپا کاروە و بە هۆیەوە 12 کەسی مەدەنی کوژراون،
هەر بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ویستوویانە دەست بەسەر پەروانەدا بگرن کە پێنج کم لە حەدیسەوە دوورە، بەڵام بەرەوڕووی هێزەکانی سەر بە بەغدا بوونەتەوە.
زریان زیاد




