٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەمال كەركووكی: داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی پەلە بكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  (د.كەمال كەركووكی) دەڵێ، عێراق بەردەوامە لە دانانی تەگەرە لەبەردەم گەیشتنی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە.  لەبارەی ئەگەری دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیش لە ھەرێمی كوردستان گوتی، "مەسەلەیەكە لە دەستی سەركردایەتیی سیاسی و سەرۆكایەتیی ھەرێم و حكوومەت و گشت لایەنەكانە، ئەگەر شتێكی ئاوا بێ ئەوا دیراسەتی دەكەن ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بێ پێشوازی لێ دەكەین، ئەگەر لە بەرژوەندیی گەلی كوردستان نەبێ ئەوا شتێكی ترە."

لەبارەی پێشبینییەكانی كوردەوە لە كۆنگرەی ئاشتی و ئاساییشی عێراق لە پاریس كە رۆژی دووشەممە بە بەشداریی چل وڵات كۆتایی بە كارەكانی ھێنا، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، (د.كەمال كەركووكی) دەڵێ "داعش سەلماندی بۆ جیھان كە رێكخراو و دەوڵەتێكی ترسناكە لەسەر ئاساییشی مرۆڤایەتی، بۆیە دەبێ وڵاتانی جیھان بە گوڕوتینێكی زیاترەوە بۆ لەناوبردنییان بێن و پێویستە جیھان ھاوكاریی زیاترمان بكات بە كەلوپەلی سەربازی و چەك."

گوتیشی" ھیوادارین لایەنەكانی بەشدار لەو كۆبوونەوەیە نەگەڕێنەوە بۆ حیساباتی پێشوویان، بەڵكو چارەیەک بۆ لەناوبردنی داعش بدۆزنەوە، ئێمە لە ھەرێمی كوردستان گشت لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان ئامادەین بۆ پاراستنی خاكی كوردستان و دورخستنەوەی ئەو تیرۆریستانە."

دەشڵێ "پێشبینی دەكەم لە پاش كۆنگرەكەی پاریسەوە ھاوكاریی سەربازیی وڵاتان بۆ ھەرێمی كوردستان لە چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی زیاتر ببێ."

(كەركووكی) كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەیشە، لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكرای دەكات، حكوومەتی عێراق ئێستایش رێگری لە گەیشتنی چەك بۆ ھەرێمی كوردستان دەكات و تەگەرەی تێ دەخات، لەوبارەیەوە دەڵێ: "بە هۆی ئەو چەك و كەلوپەلە سەربازییانەی بۆ ھەرێمی كوردستان دێن، عێراق تەگەرە دەخاتە بەردەم گەیشتنییان بە بیانووی جیاوازەوە."

لەبارەی ھەڵوێستی توركیایشەوە، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (كەركووكی) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ:"توركیا رێككەوتنی چوونە نێو ھاوپەیمانێتییەكەی دژایەتیكردنی داعش ی ئیمزا نەكرد و بیانووی خۆی ھەیە، بەڵام بەھەر شێوەیەك ئومێد دەكەین بەشدار ببێ. پێشبینی دەكەین لە كۆتاییدا بەشدار ببێ، چونكە پێشتریش توركیا لە سەرەتاوە ئامادە نەبووە یارمەتیی ئەمەریكا بدات و لە شەڕی دژی تیرۆر بەشدار دەبێ، بەڵام دواتر یارمەتیی دا."

لەبارەی بوونی دەنگۆی بنكەی ئاسمانیی ئەنجەرلیكی ئەمریكی لە توركیاوە بۆ ھەرێمی كوردستان و ھەولێر بە دیاریكراوی، (د.كەمال كەركووكی) دەڵێ ئەوەیان پێ نەگەیشتووە و ئەوەی ئەو بیزانێ ھێشتا ئەو مەسەلەیە لە ئارادانییە.

لەبارەی ئەگەری دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیی لە ھەرێمی كوردستان پاش بڕیارەكەی ئەمەریكا بە فڕینی فڕۆكەكانی لە ھەولێرەوە بۆ لێدانی داعش (كەركووكی) گوتی:" دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكایی مەسەلەیەكە لەدەستی سەركردایەتی سیاسی و سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و گشت لایەنەكانە، ئەگەر شتێكی ئاوابێ ئەوا دیراسەتی دەكەن ئەگەر لەبەرژەوەندیی گەلی كوردستان بێ پێشوازی لێ دەكەین، ئەگەر لە بەرژوەندیی گەلی كوردستان نەبێ ئەوا شتێكی ترە."

(كەمال كەركووكی) كە یەكێك لەو سەركردانەیە سەرپەرشتیی راستەوخۆی شەڕەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە بەرانبەر بە چەكدارانی داعش لە میحوەری دوبز دەكات، رەخنەی توند دەگرێ و دەڵێ "پێكەوەژیان  لەگەڵ بەغدا نەماوە، لە رووی مێژووییەوە سەلمێندراوە كوردستان بە زۆر بە عێراقەوە لێكنراوە، پاش رووخانی رژێمی سەددامیش، ئەمەریكا لەگەڵ ھاوپەیمانەكانی عێراقی تازەیان دروست كردەوە و فیدڕاڵییان داھێنا بۆ راگرتنی عێراق، بەڵام فیدراڵییەت لە عێراق 100% فاشیل بووە، چونكە ئێستا بەشێكی زۆری خاكی عێراق لە دەستی حكوومەت نەماوە، ئەو ماددە دەستوورییانەی دانرابوون جێبەجێ نەكراون، حوكمڕانانی بەغدا دەستووریان شكاند و خاكی عێراقیان نەپاراست و خەڵكی عێراق دابەش بووە."

دەشڵێ" عێراق سەركردایەتیی فاشیل و حكوومەتێكی فاشیل و ئەزموونێكی فاشیلی ھەیە، وڵاتێكی خاوەن سەروەری نییە، پاش یەکەم جەنگی جیھانی كە بەبێ رەزامەندیی خەڵكی كورد، كوردستان خرایە سەر عێراق، بووە ھۆی ئەوەی كە دوو جار لەم وڵاتە كورد جینۆساید و كیمیاباران بكرێ."

(كەركووكی) زیاتر گوتی، عێراق پێكەوەژیانی نەتەوە و مەزھەب و ئایینەكانی تێدا نەماوە، گوتیشی "پێكەوەژیان لە عێراق ھەڵەیە، ھەڵەیە، ھەڵەیە، پێویستە ھەركەس لە ماڵی خۆی بێ و خەریكی ئازارەكانی خۆی بێ، كورد لە كوردستان و سوننە لە سوننەستان و شیعە لە شیعەستان بن، ھەر كەس لە ماڵی خۆی، ببینە سێ دراوسێی باش، لەوە باشترە بەم حاڵەی ئێستامانەوە ھەرسێكمان لەم سنوورە بین."

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشبینیی دەكات عێراق لە چەند ساڵی كەمی داھاتوو ھەڵبوەشێتەوە، لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە "پێشبینی دەكەم ناگاتە ساڵی 2020 عێراق ھەڵدەوەشێتەوە، چونكە ھەتا ئێمە لەم وڵاتە بین رووبەڕووی نەھامەتی و جینۆسایدكردن دەبینەوە و خراپتریشمان پێ دەكرێ، پێویستە ئێمەی كورد و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانمان ئەگەر بەوە رازی ببین لەناو ئەم عێراقە بمێنینەوە، ئەو كاتە حەقی خۆمانە زیندەبەچاڵ بكرێن."

(كەمال كەركووكی) كە ھەمیشە بەگەشبینییەوە باس لە ئایندەی كورد و بە رەشبینیشەوە باسی ئایندەی عێراقی دەكرد، لەبارەی گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا و بەشداریكردنی لە پێكھێنانی كابینەی نوێدا، دەڵێ "بەشداریكردنی كورد لە كابینەكەی (عەبادی) ھەڵەیەكی گەورە بوو، چونكە لایەنی بەرامبەر رێزیان لە كورد نەگرت و ئەوەی كابینەكەشی دروست كرد زۆر بێڕێزی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان و كورد كرد، من بۆ خۆم دەست بۆ ئەو كەسە درێژ ناكەم كە رێزی لە كوردستان نەگرت."

ئەو دەڵێ، (عەبادی) لە (مالیكی) باشتر نابێ بۆ كوردستان و داخوازییەكانی كورد لە بەغدا كە لە دوای 2003ەوە نەك بە ھەڵپەسێدراوی ماونەتەوە، بەڵكو تا دێ كێشەكان قووڵتر و زیاتر دەبنەوە، (كەمال كەركووكی) زیاتر گوتی: "كەس لە (مالیكی) باشتر نابێ، (مالیكی) سەلماندی زۆر خراپە، بەڵام ھەركەسێ حوكمی بەغدای بكەوێتە دەست دادپەروەر نابێ و مەترسی بۆ كورد دروست دەكا، ئەگەر بویسترێ ئەوا ھەر كەس لە ماڵی خۆی بێ باشترە، من ناوی نانێم دابەشكردنی عێراق، بەڵام ئیدی كوردستان بە ناعەدالەتی بە عێراقەوە لكێندراوە."

( د.كەمال كەركووكی) لە درێژەی قسەكانیدا داوایەك ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەڵێ: "داوا لە پەرلەمانتارانی ئازیز خوشك و براكانم لە سەرۆكایەتی و لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە خێرا بن و پەلە بكەن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، ئومێد دەكەم ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بكەن، چونكە ئێمە وەكو نەتەوە، مافی خۆمانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و ئەوەش یەكێكە لەو مافانەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە گەلانی دونیای بەخشیوە و عێراقیش ناتوانێ رێگریی لێ بكات."

چوونی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش بۆ پەرلەمانی كوردستان و داواكردنی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە پاڵپشت بۆ ئەو داواكارییەی دەزانێ و دەڵێ "ئومێد دەكەم پەرلەمانی كوردستان ئەو پرسە دوا نەخات."

لەگەڵ ئەوەشدا دژی ئەو بۆچوونانەیە كە دەڵێن دەبێ سەربەخۆیی كوردستان لە عێراق بەبێ كێشە ببێ  و ئەوە بە دوور دەزانێ، دەشڵێ: "دەبێ كوردستانیان خۆیان دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن، بە یەكگرتوویی و یەكھەڵوێستی، ئەگەر نا كەس بۆیان دانامەزرێنێ."
 

هەواڵی پەیوەندیدار