بارزانی: هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات و دەستبەرداری مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆمان نابین

دهۆک-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە "ئەگەر دوژمنان خەیاڵیان وا بووبێت کە بە پەلاماردانی کوردستان دەتوانن گەلەکەمان ناچار بکەن دەست لە مافە ڕەواکانی هەڵ بگرێت و لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکشێتەوە، ئەوا با باش بزانن هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات و هەرگیز بۆ دواوە ناکشێنەوە و دەستبەرداری مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆمان نابین."
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکدا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان(مەسروور بارزانی) و پارێزگاری دهۆک(فەرهاد ئەترووشی) ئامادی بوون، سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا(فەهیم عەبدوڵڵا) کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگا خستەڕوو.
دوای ئەوە، (سەرۆک بارزانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەربڕی و ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم کە هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان پێکەوە وەک یەک تیم کار دەکەن، ئێمە هەموومان خەڵکی یەک وڵاتین کە کوردستانە و دەبێ هەموومان بڕیارمان ئەوە بێت کە یان بە سەربەرزی پێکەوە بژین یان پێکەوە بمرین."
(سەرۆک بارزانی) تەئکیدی کردەوە کە، "گەلی کوردستان بەهایەکی پیرۆزی پێشانی هەموو دنیا دا کە ئەویش بڕوابوونیەتی بە ئازادیی گشتی، ئازادیی سیاسی و ئایینی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، هەر ئەو بەها بەرزانەش بوون کە ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی بۆ کوردستان دەستەبەر کرد لە شەڕی گەلەکەمان بەرانبەر تیرۆریستان."
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "تیرۆریستان سوپای پڕچەکی دوو وڵاتیان شکاند و بەو چەکانە پەلاماری کوردستانیان دا و تاوانێکی نامرۆڤانەیان لە شنگال ئەنجام دا، بەڵام ئێستا پێشمەرگە قارەمانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن و تیرۆریستان ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێرشی پێشمەرگە ڕابگرن، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو تیررۆریستان و هاوکارانیان سزای تاوانەکەیان وەردەگرن و شنگال و ناوچەکانی تریش ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان."
(سەرۆک بارزانی) سوپاسی هاووڵاتیان و ئیدارەی پارێزگای دهۆکی کرد کە بە دڵئاواییەوە باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی لێقەوماوان کردووەتەوە و حەواندنەوە و خزمەتکردنی ئاوارە و لێقەوماوانی بە ئەرکێکی پیرۆز لەقەڵەم دا و، جەختیشی کردەوە کە "چارەسەر ئەوەیە ئەو ئاوارانە بە سەربەرزی بگەڕێنینەوە ناو ماڵی خۆیان."
(سەرۆک بارزانی) تەئکیدیشی کردەوە "ئەگەر دوژمنان خەیاڵیان وا بووبێت کە بە پەلاماردانی کوردستان دەتوانن گەلەکەمان ناچار بکەن دەست لە مافە ڕەواکانی هەڵ بگرێت و لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکشێتەوە، ئەوا با باش بزانن هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات و هەرگیز بۆ دواوە ناکشێنەوە و دەستبەرداری مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆمان نابین."
لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن کرایەوە و سەرۆکی لیستی پێکهاتە سیاسی و ئایینییەکان ڕا و سەرنجی خۆیان خستەڕوو و (سەرۆک بارزانی) وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.




