داعش چەكدارە كوردەكانی خۆی گولـلەباران دەكات.. گومانی لە هەموویان هەیە

هەولێر-KDP.INFO- وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تیرۆریستانی داعش متمانەیان بەو چەكدارە كوردانە نەماوە كە لەگەڵیاندان و دوێنێیش ژماریەەك چەكداری كوردیان گولـلەباران كردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی) بە kdp.info-ی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی100 گەنج لە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندییان بە ریزەكانی داعشەوە كردووە، كە بەشی هەرەزۆریان دوای داگیركردنی مووسڵ بووە لەلایەن داعشەوە و لە كۆی ئەو ژمارەیەیش، 13گەنج كوژراون كە تەمەنیان لە نێوان 14بۆ25ساڵاندایە."
(نەقشبەندی) گوتیشی، "ئێستا گومانێكی زۆر لەسەر چەكدارە كوردەكان دروست بووە و تۆمەتی ئەوەیان خستوونەتە پاڵ كە هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەندێكیان بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە ناو داعشەوە، بە تایبەتی بۆ ئەوەی فڕۆكە ئەمەریكاییەكان بۆردوومانیان بكات."
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "هەر دوێنێیش بە هۆی ئەو گومانەوە پێنج چەكداری كورد كە لە ریزەكانی داعش بوون بە شێوەیەكی دڕندانە گولـلەباران كراون كە یەكێكیان بەرپرسی مەفرەزەیەك بووە لە شەڕكردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و، بە كوردەكانی دیكەیان گوتووە كە ئەمانە ناپاكییان كردووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، "ئێستا جگە لەوە رێگە نادەن چەكدارە كوردەكان بە كوردیش قسە لەگەڵ یەكتری بكەن و ئەو كەتیبەیەی كوردەكانی تێدا بوو، هەموویانیان بڵاوە پێ كردووە و بەسەر كەتیبەكانی دیكەدا دابەشیان كردوون."
زیاتر گوتی، چەكدارە كوردەكان لە حاڵەتێكی دەروونیی زۆر خراپدا دەژین و رەنگە ئەمە كۆتایی داعش بێت، چونكە پێشتر هەندێك لە گەنجە كوردەكان بە ورەیەكی بەرزەوە دەڕۆیشتنە ناو داعش بە ناوی جیهاد، بەڵام ئێستا هەست دەكەن كورد لەوێ شوێنیان نابێتەوە."
(نەقشبەندی) ئاماژەیشی دا، "لە بەرچاوی گەنجە كوردەكان ماڵی كوردیش داگیر دەكرێت، بۆیە هەستیان كردووە ئەمە گرووپێكی مەزهەبیی عەرەبییە و پەیوەندیی بە كوردەوە نییە و لەو كارەی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە."
گوتیشی، "تاوەكو ئێستا هیچ گەنجێك لە سنووری پارێزگای دهۆك نەچووەتە ناو داعش و ئەوانەی رۆیشتوون خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و كەركووك و هەولێرن."
بڵند ئیبراهیم




