وەزیری ناوخۆی توركیا: كۆتایی ئەمساڵ، نەخشەڕێی چارەکردنی پرسی کورد جێبەجێ دەكرێت

ئانکارا-KDP.INFO- وەزیری ناوخۆی توركیا (ئەفقان ئاڵا)، رایگەیاند، كە لە كۆتایی ئەمساڵدا دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی نەخشەڕێی قۆناخی چارەکردنی پرسی كورد.
(ئەفقان ئاڵا) لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئاخەبەردا، باسی قۆناخی چارەکردنی پرسی كورد و هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیای كرد.
(ئەفقان ئاڵا) گوتی: "لەئێستادا حكوومەت و هەموو دامودەستگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت، بۆ بەئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەکردنی پرسی كورد، ئامادەكارییەكانی وردە وردە بەرەو كۆتایی دەچن."
هەروەها ئاماژەی دا، كە لە كۆتایی ئەمساڵدا بە هاوبەشی هەموو دەستگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی نەخشەرێی قۆناخەکە و لەو بوارەدا هەنگاوی كرداری دەنرێن.
(ئاڵا) لە بارەی داعشیشەوە گوتی: "تا ئێستا لە توركیا بە گشتی 19 ئەندامی داعش دەستگیر كراون و، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێ و لە ماوەی چەند مانگی رابردوویشدا توركیا رێگری لە رۆییشتنی زیاتر لە 600 هاووڵاتیی وڵاتانی دیكە بۆ نێو داعش كردووە.
هیوا ئەردەلان




