نەوەت داعش کوژراون، شەشیان بە دیل گیراون.. هەڵمەتی قارەمانانەی پێشمەرگە گورزی گورچکبڕی لێ داون

باشیک-KDP.INFO- ھێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ هەینی لە ھەردوو میحوەری خازر و باشیک، ھێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش بەرپا کرد و، بە هۆیەوە توانییان گورزێکی کوشندە لە چەکداران بوەشێنن و شوێنێکی ستراتیژیی وەک چیای زەرتک کۆنترۆڵ بکەن و نزیکەی 90 چەکداریش بکوژن و شەشیشیان لێ بە دیل بگرن، هەروەها بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیش کەوتووەتە دەست پێشمەرگەوە.
بەڕێوبەری ئیدارەی میحوەری باشیک(غەفوور برادۆستی) بە KDP.INFOی راگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی میحوەری باشیک بە ھەماھەنگی لەگەڵ میحوەری خازر، پلانمان دانابوو بۆ کۆنترۆڵکردنی چیای زەرتک و دوو گوندی بناری ئەو چیایە بە ناوەکانی ئەسقۆف و کانی کەوان، بەپێی پلانەکە ھێرشمان بەرپا کرد و توانیمان گورزێکی کوشندە لە چەکدارانی داعش بوەشێنین و بە ئەو شوێنانەی دیاریمان کردبوون، بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەین و لەئێستایشدا ھێزەکانی ئێمە لەو شوێنانە جێگیر کراون."
(غەفوور برادۆستی) زیاتر گوتی، "تەنیا لە میحوەری ئێمە 30 تەرمی چەکدارانی داعش کەوتووەتە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ گرتنی پێنج دیل و دەستبەسەرداگرتنی دوو دۆشکە و چەند بیکەیسیێک و پێنج ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک ئامێری پەیوەندیکردن."
هاوکات فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر(سەید ھەژار) بە KDP.INFOی راگەیاند: "گورزێکی کوشندەمان لە چەکدارانی داعش داوە و، زۆر شوێنمان کۆنترۆڵ کردوون، لەوانە گوندەکانی باعەدرێ و حەسار و شێخ شەل، لەئێستایشدا ئێمە لەسەر چیای زەرتکین و بە تەواوەتی لەبن دەستی ئێمەیە."
دەربارەی ئەو زیانانەیش کە بە داعشیان گەیاندووە،(سەیدهەژار) گوتی، "لە میحوەری ئێمە، نزیکەی 60 چەکداری داعش کوژراون، کە ژمارەیەکیان بیانی بوون، لەگەڵ گرتنی دیلێک و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک چەکی وەکو ھاوەن و دۆشکە و بیکەیسی و ئۆتۆمبێلی جۆری ھەمەر."
(سەید ھەژار) راشیگەیاند، "ئەگەر فەرمان ھەبوایە، تا مووسڵ ھەموو شوێنەکانمان کۆنترۆڵ دەکردن، بەڵام فەرمانمان تەنیا بۆ گرتنی ئەو شوێنانە بوو."
گوتیشی، لەئێستادا و بەو هۆیەوەی کە چەکداران داعش، لە ڕێی هەڵمەتی بوێرانەی پێشمەرگە قارەمانەکانەوە گورزی گورچکبڕیان بەر کەوتووە، ھەڵاتوون و شەڕ وەستاوە.
بڵند ئیبراھیم




