د.نووری عوسمان: خەڵکی شنگال، بەمزووانە لەم دۆخە سەختە ڕزگاریان دەبێ

دهۆک-KDP.INFO- نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەری شنگال، ڕایگەیاند، بەمزووانە شنگال کۆنترۆڵ دەکرێتەوە و داوایش لە خەڵکە ئاوارەکە دەکات، هەرچەند لە دۆخێکی سەختدان، بەڵام پێویستە ئارام بگرن و، بە هیممەتی پێشمەرگە دەگەڕێنە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
نوێنەری سەرۆکی حکوومەت بۆ شنگال (د.نووری عوسمان) بە KDP.INFOی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێک هێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای دهۆک و لیژنە تایبەتمەندەکاندا کار بکەن، بۆئەوەی ئەو زوڵمەی ئەمڕۆ کراوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە خەڵکی شنگال کراوە، کە زوڵمێکی دژی مرۆڤایەتییە، بخاتە بەردەستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی."
نوێنەری سەرۆکی حکوومەت بۆ شنگال، گلەیی لە رێکخراوە خێرخوازی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە نەیانتوانیوە وەکو پێویست بە دەم پێداویستی و داخوازییەکانی ئاوارەکانی شەڕی چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە بێن، چونکە وەک ئەو دەڵێ، ئێستا زۆربەیان لە پارێزگای دهۆک لە کەمپ و شوێنە جیاکان نیشتەجێ کراون، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بە هۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەوە کە حکوومەتی عێراق زیاتر لە 8 مانگە، بە نەناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران سەپاندوویەتی.
(نووری عوسمان) هاوکات موژدەی ئەوەیشی دا: "ئینشاڵڵا دیداری داهاتوومان بەم زووانە لە شنگالە و داوکارم لە خەڵکی ئاوارە لە ئەم قۆناخە سەختەدا ئارام بگرن، چونکە کاتییە و دڵنییام بەمزووانە، بە هیممەتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و جێگای خۆیان."
حەکیم حیکمەت




