٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شابەندەر: سوڵتان هاشم و تاریق عەزیز ئازاد دەکرێن.. چوارچێوەیەکی نوێ بۆ کەرکووک دادەڕێژرێ

سەرچاوە: KDP.info
(عێززەت شابەندەر)

بەغدا-KDP.INFO-  گەورەڕاوێژکارێکی پێشووی (نووری مالیکی)، ئاشکرای کرد کە، بەمزووانە هەریەکە لە، وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق(سوڵتان هاشم) و جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی پێشوو(تاریق عەزیز)، ئازاد دەکرێن. بە گوتەی ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی (مالیکی)، ئەمە داوای هاوپەیمانیی هێزە سوننەکانە و وەڵامیشیان وەرگرتووەتەوە.
(عێززەت شابەندەر) کە ئێستا وەک سیاسیێکی سەربەخۆ دەردەکەوێ، کۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، هەروەها تاوانی سەربازگەی سپایکەریش دەخاتە ئەستۆی، سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو(نووری مالیکی) کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە.
(شابەندەر) پێوەست بە دانوستانەکانیش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، کە ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران(حەیدەر عەبادی) سەرپەرشتییان دەکات، گەشبینیی خۆی لە هەنگاوەکانی (عەبادی) بە هاوکاریی ڕاستڕۆ سوننە و کوردەکان نیشان دەدات و ئاماژەیشی دا بە گرینگترین ئەو خاڵانەی ناکۆکییان لەسەر بووە، وەک: جارەکردنی کێشەی کورد بە شێوەیەکی نوێتر.
ئەو بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوست ڕوونی کردووەتەوە، بەپێی ئەو بەیاننامە بەهێزەی دەر کراوە و تێیدا ئاماژە دراوە بەوەی، بابەتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە لە ماددەی 140-ی دەستووردا باسیان کراوە و خستنە چوارچێوەیەکی نوێوە، پێچەوانەی دەستوور نییە و هەردوو لا لەسەری ڕێک کەوتوون، هاوکات ڕێک کەوتوون لەسەر پرسی نەوت کە کورد ڕازی بووە بەوەی زانیاریی دەرهێنان و بە بازاڕیکردنی لە پێشوودا بداتە حکوومەتی فیدراڵ، هاوکات پێشمەرگە وەک هێزی سنوورپارێز بناسێندرێ و بەشێک بێت لە وەزارەتی بەرگری، بەرپرسارەتی مەشق و پڕچەککردن و بودجەیشی بۆ دابین بکرێ، هەروەک ئەوەی لە باقی پارێزگاکانی دیکە وەها هێزێک پێک دەهێنرێ.
ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی (مالیکی) گوتیشی، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا جیا لە ناونانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، حکوومەتی نوێ ڕادەگەیەنرێت، پێشبینیشی کرد، وەزارەتەکانی دەرەوە، کارەبا، گوازتنەوە و بەرگری بەر هاوپەیمانیی نیشتیمانی بکەون، وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆیش بۆ هاوپەیمانیی هێزە سوننەکان و کوردیش لە هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتەکانی نەوت و پلاندانانن، هەڵبەت وەک (شابەندەر) دەڵێ، ئەوەی دووەمیان دەست ناکەوێ و، (ئەیاد عەللاوی)-یش پۆستی جێگری سەرۆککۆماری دەدرێتێ.
ئەو ئاماژەیشی دا بە "داواکارییەکانی پێشووتری سوننە پێوەندییان بە لێبووردنی گشتی و ڕەتکردنەوەی یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس، هەروەها پرسی هاوسەنگیی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە هەبوو، کە ئەگەرچی (مالیکی) پێشووتر هەوڵی دا، تاوانەکانیان لێک جیا بکرێنەوە و هەندێکیان لێ ئازاد بکات، کە نەیکرد، بەڵام ڕەنگە ئەمجارەیان بە شێوەیەکی دیکە بێت، هاوکات پێم وایە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان، حەوت وەزارەت بە سوننەکان بدات و ئەمەیش هێز دەداتە سوننەکان لە بەرانبەر جەماوەرەکەیان."

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار