بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕووسیا، ناتۆ هێزی "بەرپەرچدانەوەی خێرا"ـی پێک هێنا

نیوپۆرت، وێڵز-KDP.INFO- ئەندامانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ)، ئەمڕۆ هەینی، دەربارەی پێکهێنانی هێزی "بەرپەرچدانەوەی خێرا"، کە هەزاران سەرباز لەخۆ دەگرێت، ڕێک کەوتن. ئەو هێزە لە توانایدایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و، بۆ بەرەنگاربوونەوەی وەک ئەوەی وەسفیان کردووە "هەڕەشە جیهانییەکان"، لە نێویاندا داعش، هەروەها هەڕەشەکانی ڕووسیا بەرانبەر بە ئۆکڕاینا، بڵاوەیان پێ بکرێت و لە شوێنە پێویستەکان جێگیر بکرێن.
ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ(ئاندرێس فۆگ ڕسمۆسن) لە پەراوێزی لووتکەی هاوپەیمانەتییەکەدا گوتی، هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا، زۆرتر لە هێزی پیادە پێک دێت، بەڵام لە لایەن یەکە تایبەتە ئاسمانی و دەریاییەکانیشەوە پشتیوانی دەکرێن و بارەگای سەرەکییشی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەبێت.
ئەو بەرپرسەی ناتۆ جەختی کردەوە، "بڕیاری پێکهێنانی ئەو هێزە، ئەرکیەتی پەیامێکی ڕوون بدات، کە ناتۆ هەموو کاتێک کۆی ئەندامانی دەپارێزێت"، زیاتر گوتی، "هەروەها پەیامێکی بەهێزە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەگەری هەر دەستدرێژیێک"، هۆشداریشی دا لەوەی "بیر لە هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی هاوپەیمانیی ناتۆ بکرێتەوە، ئەمە بەو واتایەیە بەرەوڕووی هەموو ناتۆ ببێتەوە."
ئامانجی ناتۆ لەم هەنگاوەی بە پێکهێنانی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا، برەودانە بە تواناکانی هاوپەیمانەتییەکە، بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕاینا، لە ڕێی هاوکاریکردنی چەکدارە جیابووەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری سۆڤیێتی پێشوو، کە سەر بە مۆسکۆن، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەگەلی دیکەیە.
ئەوەی کە پێوەستە بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە(داعش)، کە دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی باکووری عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریادا گرتووە و، هەڕەشەی ئەوەیش دەکەن کە شەڕ بۆ ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگوێزنەوە، (ڕاسمۆسن) دەڵێ، هاوپەیمانەتیی ناتۆ، ئامادەباشیی کردووە بۆ هاوکاریکردنی عێراق، ئەمە ئەگەر بێت و عێراق داوای پشتیوانی لێ بکات.
سی ئێن ئێن- زریان زیاد




