هێشتا دانوستانەکان ئەنجامیان نەبووە.. ئامادە نین مووچەی فەرمانبەران خەرج بکەن.. وەزارەتەکان دابەش نەکراون

ھەولێر-KDP.INFO- گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد دەڵێت، هێشتا لەگەڵ ھاوپەیمانیی نیشتیمانیدا نەگەیشتوونەتە ھیچ رێککەوتنێک، چونکە بە داواکارییەکانی کورد رازی نین، بە تایبەت خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و پێکھاتەی حکوومەت و ژمارەی وەزارەتەکان.
گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کوردی (فریاد رەواندزی) بە kdp.infoی راگەیاند: "دوێنێ لەگەڵ ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەدا کۆ بووینەوە، بەڵام وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەیان پێ نەبوو کە پێش ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ئاراستەمان کردبوون و، باسیان لەوە کرد کە پێویستە (حەیدەر عەبادی) وەڵام بداتەوە، بۆیە دواتر (عەبادی) بەشداری لە کۆبوونەوەکە کرد و دوای دوو سەعات گفتوگۆکردن، لەبارەی بودجە و مووچەی چەند مانگی رابردووی فەرمانبەران نەیتوانی وەڵامی داواکانی ئێمە بداتەوە، ھاوکات لەسەر پێکھاتەی حکوومەت و ژمارەی وەزارەتەکانیش ناکۆکیمان ھەبوون، بۆیە کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات."
(فریاد رەواندزی) گوتیشی: "لەئێستادا چاوەڕوان دەکەین پێداچوونەوە بە خۆیان بکەن، چونکە مومکین نییە ئێمە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران، باس لە پرسەکانی دیکە بکەین و ئەمە پێشمەرجمانە."
گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد روونیشی کردەوە، "بیانوویان بۆ نەدانی مووچە ئەوەیە، پارەیان نییە و، دوای پێکھێنانی حکوومەت خەرجی دەکەن."
(فریاد رەواندزی) راشیگەیاند: "ئەو ھەواڵانەی لەبارەی پێکھاتەی حکوومەت و وەزارەتەکان بڵاو دەبنەوە، راست نین، چونکە هێشتا رێککەوتن نەکراوە بۆ چۆنیەتیی دابەشکردنی وەزارەتەکان، بەڵام لایەنی شیعە پێکھاتەیەکی دابەشکردنی وەزارەتەکانیان داناوە، بەڵام هێشتا لەلایەن کورد و سوننە و لەناو شیعەیش زۆر لایەن ھەن رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە."
لەبارەی داواکاریی کورد بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان ئەو گوتی، "داوامان کردوو بەپێی ئیستحقاقی خۆمان وەزارەتمان پێ بدرێت، لەوانە وەزارەتێکی سیادی، ئینجا وەزارەتی دەرەوە بێت یاخود نەوت و، دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری و وەزارەتێکی دیکەیش."
بڵند ئیبراھیم




