بزانە داعش نەوت بە کێ دەفرۆشێ و لە ڕۆژێکدا چەندی لێ دەست دەکەوێ

هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێن، ئەگەرچی داعش پاش دەستبەسەرداگرتنی گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا کە کێڵگەی (عەمر)-ە، هێڵی بۆرییان بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە لە دەست نییە، بەڵام لە ڕێی زیاتر لە 200 تانکەری نەوتەوە، بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕۆژانە نەوت بۆ چەند وڵاتێک ڕەوانە دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ڕاگەیاندنی سی ئێن ئێن کە لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراقییەوە دەستی کەوتوون، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، لەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە عێراق دەستیان بەسەردا گرتوون، ڕۆژانە 30هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن و لە سووریایش 50هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنن و هەموویشی لە بازاڕی ڕەشدا، بە نرخی 40دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەفرۆشن.
داعش لەو نەوتەی دەیفرۆشن، لە هەر ڕۆژێکدا، لە ڕێی کێڵگە نەوتییەکانی عێراقەوە ملیۆنێک و دووسەدهەزار دۆلار و لە ڕێی کێڵگەکانی سووریاییشەوە، دووملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێ، بە گوتەی کڕیارانی نەوتیش لە بازاڕی ڕەشدا، داعش نەوتەکەی بە هەریەک لە تورکیا، سووریا و ئەردەن دەفرۆشێت.
ئەو بازاڕە ڕەشەی نەوت کە لە ناوچەکدا هەیە، هیی سەردەمی گەمارۆ ئابوورییەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە خرابووە سەر ڕژێمەکەی (سەددام حوسێن) لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، شارەزایان باوەڕیان وایە کە، داعشیش هەمان پلانی (سەددام) لە کاتی پاشەکشەی لە کوێت کردی و کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەی تەقاندنەوە، دووبارە دەکاتەوە، چونکە کاتێک لە عەین غەزالە و بەتمە ناچار بە پاشەکشە کرا، هەردوو کێڵگەکانی سووتاندن.
زریان زیاد




